بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەم نووسینەدا جۆرەکانی ئاوی سپی و نیشانەکانی باس دەکرێت:
جۆرەکانی ئاوی سپی:
1 – ئەو جۆرانەی بە هۆی زگماکی دەردەکەوێت.
2 – ئەو جۆرانەی بە هۆی زەبری دەرەکی درووست دەبێت.
3 – ئەو جۆرانەی بە هۆی دەرمان بە تایبەت دەرمانی کۆرتیزۆن درووست دەبێت.
4 – ئەو جۆرانەی بە هۆی نەخۆشی دیکە وەک شەکرە درووست دەبێت.
5 – باوترینیان ئەوەیە کە بە هۆی بەساڵاچوون ئاوی سپی درووست دەبێت.
نیشانەکانی ئاوی سپی چاو؟
1 – نەخۆش هەست دەکات چاوی لێڵ دەبینێت.
2 – نەخۆش هەست دەکات ڕەنگەکان زیاتر زەرد باو دەبینێت.
3 – نەخۆش هەست دەکات بە تیشکی خۆر یان بە تیشکی گڵۆپ ناڕەحەت دەبێت.
4 – نەخۆش لەوانەیە هەست بکات کە زوو زوو پێویستە پلەی چاویلکەکەی بگۆڕێت، بەرە بەرە بە چاویلکەش باش نابینێت.
چارەسەرکردنی ئاوی سپی چۆن دەبێت؟
ئاوی سپی چارەسەرکردنی تەنیا بە نەشتەرگەرییە، هیچ چارەسەرێک بە قەترە ناکرێت.
ئایا دەبێت ئاوی سپی قەپات بێت پاش ئەوە نەشتەرگەری بۆ بکرێت؟ نەخێر، نابێت چاوەڕێی قەپاتبوونی ئاوی سپی بکەین، دەبێت پێش قەپاتبوون نەشتەرگەری بۆ بکرێت.
ئەگەر بینینی نەخۆش لاواز بوو، ڕێژەی ئاوی سپی زیاد بوو، نەشتەرگەری بۆ دەکرێت، کاتێک نەشتەرگەری دەکەین بۆ هەمیشە ئاوی سپی لا دەبەین و عەدەسەیەکی دەستکرد دەخەینە ناو چاوەکەوە، ئەو جۆرە عەدەسەیە هیچ ترسێکی نییە و بە سەرما و گەرما هیچی لێنایەت و لە گەڵ تەمەنی مرۆڤ دەمێنێتەوە و پێویست بە گۆڕین ناکات، ڕێژەی سەرکەوتوویی ئەم نەشتەرگەرییە لە سەدا 99 باس کراوە./.