بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەشکر حەمید ئاماژەی بەوە کردووە کە جگەری ئاژەڵ و پەلەور کۆمەڵە سوودێکی هەیە بۆ جەستەی مرۆڤ، ڕێژەیەکی زۆر لە ڤیتامین B12 ی تێدایە کە سوودی هەیە بۆ زیادبوونی خوێن و یارمەتی دروستبوونی خڕۆکە سوورەکان دەدات و کاریگەری هەیە لە سەر تەندرووستی دەمارەکان، بەهای خۆراکیی بەرزە و دەوڵەمەندە بە پرۆتین، بە جۆرێک لە سەدا 28.18 ی پرۆتینە.
ناوبراو وتی: بەڵام دەبێت ئاگادار بین کە جگەر ئامێری پاڵاوتنە لە جەستەی ئاژەڵ یان مریشکدا و هەموو ئەو هۆرمۆن و دەرمانەی کە دەدرێت بە ئاژەڵ یان مریشکەکە تێیدا کۆدەبێتەوە، ژەهر لە جەستەدا کۆدەکاتەوە، هەر بۆیە پێویستە دڵنیا بین کە ئەو ئاژەڵە یان ئەو مریشکە ماوەیەکە هۆرمۆن و دەرمانی پێنەدراوە، ئەو کاتە بیخۆین.
لەشکر حەمید وتی: ئەوانەی نەخۆشی دەردەشایان هەیە جگەر گونجاو نییە، لە بەر ئەوەی کە بڕێکی زۆر ترشی یوریک درووست دەکات، ڕێژەیەکی زۆریش چەوری و کۆلیسترۆڵی تێدایە و بۆ ئەو کەسانە زۆر گونجاو نییە کە نەخۆشی دڵ و بۆرییەکانی خوێنیان هەیە.
ئەو شارەزایەی زانستی خۆراک وتی: جگەری بەستوو هاوردە نەبێت و لە ساڵی 2007 تا ئێستا قەدەغە کراوە، لە بەر ئەوەی کە ڕێژەیەکی زۆر نیتراتی سۆدیۆمی تێدایە کە لە هەندێک باردا زیان بە تەندرووستی دەگەێنێت./.