بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گەشتیاری لە ئێران مێژوویەکی زۆری هەیە، سەرجەم بەڵگە مێژووییەکانی پەیوەندیدار بە سەردەمی کۆن و پێش هاتنی ئیسلام باس لە پەرەسەندنی شارەکان، ڕێگاوبانەکان، شوێنەکانی نیشتەجێبوون و …. لە سەرتاسەری وڵاتی گەورەی ئێران دەکات. بەڵام سەبارەت بە ناوی ئەو کەسانەی کە پێش هاتنی ئیسلام ئێرانیان بەسەرکردووەتەوە، زانیارییەکی ئەوتۆ لە بەردەستدا نییە.
لە سەدە سەرەتاییەکانی پاش هاتنی ئیسلام، ئێران بە تێپەڕکردنی سەردەمی قەیران، ڕەوتێکی کەلتوری، زانستی و وێژەیی نوێی دەستپێکرد کە بووە هۆکاری سەردەمێکی گەشەسەندوویی. شاعیران و نووسەرانێکی زۆر سەردانی ئێرانیان کرد و سەفەرنامەی گرانبەهای زۆر لەوان بە یادگار ماوەتەوە کە لەو ڕێگایەوە دەکرا ئاشنایەتی لە گەڵ جوگرافیا، مێژوو و شارستانیەتی ئێران مسۆگەر ببێت. یەکێک لە بەناوبانگترین گەشتیارانی ئەو سەردەمە، ناسر خەسرەو شاعیر، فەیلەسوف و سەفەرنامەنووسی سەدەی یازدەیەمە. لە لایەکی دیکەوە، بەرە بەرە لە پاش سەدەی سێزدەیەم، گەشتیارانی ڕۆژئاوایی سەردانەکانیان بۆ ڕۆژهەڵاتی جیهان و وڵاتی ئێران دەستپێکرد.
لەو سەردەمەدا بوو کە شوێنی نیشتەجێبوونی گەشتیاران لە ئێران کرایەوە کە زۆربەی ئەوان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە. ئێران لە سەردەمی سەفەوییەکان بە تایبەت لە سەردەمی حکومەتی شاعەباسی گەورە وەک وڵاتێکی گەورە سرنجی گەشتیارانی ئەورووپیی بۆ خۆی ڕاکێشا. هەر بۆیە دەتوانین سەردەمی حکومەتی شاعەباسی گەورە تا کۆتایی سەفەوییەکان بە گرنگترین سەردەمی گەشەسەندنی گەشتیاری لە ئێران ناو ببەین.
پاش سەردەمی سەفەوییە بە هۆی ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەوە، ئێران تووشی دۆخێکی مەترسیدار بوو، بەڵام لە سەردەمی قاجاڕ و پاش جێگیربوونی بەردەوامی ئارامی و سەقامگیری لە ئێران، گەشتیاری ڕووی لە گەشەسەندن کرد.
لە ئێستادا ئێران وڵاتێکی گەشتیارییە بە ئاسەوار و شوێن و ڕاکێشیگەلی زۆر کە ساڵانە نزیکەی 5 ملیۆن گەشتیاری وڵاتانی دیکەی جیهان بەرەو خۆی ڕادەکێشێت.
وڵاتی ئێران بە وڵاتێکی چوار وەرز دەناسرێت، خەڵکانێکی میواندۆست، سرووشتێکی جوان و مێژوویەکی دەوڵەمەند، لە هەمان کاتدا سەردانیکردنی ئێران بەراورد بە وڵاتانی دیکەی جیهان تێچوویەکی کەمتری دەوێت.
ناوچە هەڵبژێردراوە گەشتیارییەکانی ئێران
ناوچە هەڵبژێردراوەکانی گەشتیاری لە ئێران یان TSAs چەشنێک پلانی ستراتیژییە کە لە لایەن وەزارەتی میراتی کەلتوری، گەشتیاری و پیشەسازی دەستی بۆ پەرەپێدانی ناوچە گەشتیارییەکان و ڕاکێشانی ژمارەیەکی زیاتر لە گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی لە سەرتاسەری جیهان ئامادە کراوە. ئەو ناوچانەش زیاتر دەکەونە جەمسەرە مێژوویی، کەلتوری و سرووشتییەکانی ئێران و بە پێی دەفرایەتی و هەبوونی پێشینەی مێژوویی، کەلتوری و سرووشتی و بەناوبانگبوونیان لای گەشتیاران، ڕێگای گەیشتنی ئاسان و هەروەها هەبوونی ژێرخانی پێویست هەڵبژێردراون. بە دەیان شوێنی نیشتەجێبوون و گەشتیاری لە نزیک ئەو ناوچانە درووست کراون و کۆمەڵە خزمەتگوزارییەک بە نرخ و کوالیتی جۆربەجۆرەوە پێشکەش بەو کەسانە دەکەن کە دەیانەوێت لەو شوێنانە بمێننەوە.
تا ئێستا 1168 ناوچەی وەها لە ئێران دەستنیشان کراون کە لە سەردانەکانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێراندا پەسەند و تۆمار دەکرێن.
TSA دەرفەتێکی باشە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت لە سەر ئێران توێژینەوە بکەن. ئێران بە توانا و دەفرایەتی گەشتیاری لە سەرتاسەری خاکەکەی دەتوانێت ئامانجێکی گرنگ و بەسوود بۆ سەرمایەگوزاری لە کەرتی گەشتیاریش بێت./.