بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بنوا فوکن نووسەر لە ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت ژوورناڵ لە شرۆڤەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ئێران و ڕووسیا کە لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە سزا دراون، هەوڵی نزیکبوونەوە و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەدەن و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانیی واشنتن.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە ئێران و ڕووسیا زیاتر لە ڕابردوو پەرە بە هاوکارییەکانی نێوانیان دەدەن، لە بەر ئەوەی کە پەراوێزکەوتنی نێودەوڵەتی وایکردووە بۆ دژایەتی ئەمریکا هاوکارییەکانی نێوانیان بە تایبەت لە بواری ئابوری و سەربازی زیاتر بکەن.
لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەم دوو وڵاتە دژایەتی دەسەڵاتی تاک جەمسەریی ئەمریکا دەکەن و هەر دوو لاش سزاکانی ئەمریکایان لە سەرە، نزیکبوونەوەشیان وا دەکات بازاڕی نوێ بۆ بەرهەم و کاڵاکانی خۆیان بدۆزنەوە.
ڕاپۆرتەکەی ۆڵ ستریت ژوورناڵ ڕایگەیاندووە کە بازرگانیی دووقۆڵی لە نێوان ئێران و ڕووسیا لەمساڵ لە سەدا 10 زیادی کردووە و بە پێی ڕاگەیاندنی ڕووسیا، لە ساڵی 2021، لە سەدا 80 بەرزبوونەوەی هەبووە و ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان گەیشتە 4 ملیار دۆلار./.