بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ڕەعد سەرۆکی فراکسیۆنی وەفاداری بۆ خۆڕاگری لە پەرلەمانی لوبنان وتی کە سەرۆک کۆماری داهاتوو دەبێت کەسێکی بەهێز و بە وەفا بۆ دەسەڵات و سەروەری لوبنان بێت و بتوانێت بەرگری لە وڵات بکات.
ناوبراو وتی: ئێمە پێش ئەوەی کە ناوی هیچ کەسێک ببەین دەبێت بیر لەو ئامانجە بکەینەوە کە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەمانەوێت مسۆگەر ببێت، سەرۆک کۆماری لوبنان کەسێکە کە ڕێکەوتننامەکان واژۆ دەکات و دەسەڵاتی زۆری هەیە. پرسیار دەکەین کە ئایا ئێمە دەبێت سەرۆک کۆمارێکی بەهێزمان هەبێت کە بتوانێت لە لوبنان و سەروەرییەکەی بەرگری بکات یان سەرۆک کۆمارێک کە هەندێک پێشتر پلانی ئەوەیان داڕشتووە ڕێکەوتنەکان لە گەڵ ئەو لایەنانە واژۆ بکات کە هەوڵی لاوازکردنی سەروەری لوبنان دەدەن. پێوەر و ئاسۆی بەردەم ئێمە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەبێت لە سەر ئەم بنەمایە بێت.
ئەو بەرپرسەی حزبوڵڵا وتی کە دوژمنان گەمارۆی لوبنانیان داوە، سامانەکەی بە تاڵان دەبەن و سووکایەتی بە خەڵکەکەیەوە دەکەن، ئامانجەکەشی ئەوەیە کە خەڵکی لوبنان لە بەرامبەر داواکارییەکانی ئەوان خۆیان بە دەستەوە بدەن.
محەممەد ڕەعد وتی: ئێمە بە سامانی نیشتمانیی خۆمان دەتوانین کێشە ئابورییەکان چارەسەر بکەین و قەرزەکانی لوبنانیش بدەینەوە، ئەمەش تەنیا لە ڕێگای سەرمایەگوزاری لە نەوت و گازدا دەکرێت و بەم هۆیەوە دوژمن هەوڵ دەدات ڕێگری لە مسۆگەربوونی بکات./.