بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی ڕایگەیاندووە کە پەیامنێرەکەی لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەک دەستی بەو زانیارییە گەیشتووە کە لە کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی بەرپرسێکی تورکیا لە گەڵ ” سالم مسلط ” سەرۆکی هاوپەیمانی نەیارانی سوریا، پێی ڕاگەیاندووە کە ئەنکەرە بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ سوریا جیدییە و نەیارانی سوریا دەبێت خۆیان لە گەڵ ئەم ڕاستییە ڕێکبخەن، لەم پێناوەدا نەیارانی سوریا دەبێت هەوڵی دۆزینەوەی وڵاتێکی سێهەم بدەن و سەرجەم چالاکییە سیاسی و میدیاییەکانی خۆیان لە ناوخۆی تورکیا ڕابگرن.
لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو، میدیاکانی سەر بە نەیارانی سوریا تێڕوانینێکی توندیان بەرامبەر بە حکومەتی ئەنکەرە هەبووە و بە شێوازێکی توند هێرشیان کردووەتە سەر سیاسەتی تورکیا و بە ڕەگەزپەرستی و توندووتیژی بەرامبەر بە ئاوارەکانی سوریا تۆمەتباریان کردووە، لەم ڕووەشەوە دەتوانین هەڵسووکەوتی میدیاکانی نەیارانی سوریا بە هەڵوێستی میدیاکانی ئیخوانییەکانی میسریی نیشتەجێی تورکیا بەراورد بکەین کە لە پاش فەرمانی حکومەتی ئەنکەرە بۆ بەجێهێشتنی خاکی تورکیا، سیاسەتی خۆیان بەرامبەر بەم وڵاتە بە تەواوی گۆڕا.
بە وتەی سەرچاوەکانی ئاگادار، لەو کۆبوونەوەدا لایەنی نەیارانی سوریا ڕەزامەندی لە سەر داواکەی ئەنکەرە بۆ بەجێهێشتنی خاکی تورکیا دەربڕیوە.
سەرۆکی هاوپەیمانی نەیارانی سوریا پێشنیاری ئەوەیکردووە بچنە سعوودیە بەڵام عەبدولڕەحمان مستەفا سەرۆکی بە ناو حکومەتی کاتی (دامەزراوەی ئیداریی پێدانی خزمەتگوزاری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا لە باکوری سوریا) ئەردەنی پێشنیار کردووە، هەرچەندە ڕایگەیاندووە کە لە ئەردەنیش چالاکییەکانی ئەوان سنوردار دەبێت./.