بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهدی عەبدولکەریم ئەندامی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە کەناڵی ئەلفۆراتی ڕاگەیاندووە کە بە هەر قەیرانێک ئاستی داواکارییەکانی لایەنە سیاسییەکان بەرز دەبێتەوە و پارتی دیمۆکراتی کوردستان لەم پێناوەدا پێشنیارێک دەخاتەڕوو کە گرنگترین تەوەریشی دەستپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆیە لە هەولێر.
ناوبراو ڕایگەیاند کە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوو شاندێک بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بە پرۆژەپێشنیار و دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی لە عێراق سەردانی بەغدا دەکات و پاش کۆبوونەوە لە گەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، بۆ چاوپێکەوتنی سەدریش سەردانی نەجەف دەکات.
وتیشی کە کوردان هیوایان بەوە هەیە دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی بۆ دەربازبوونی عێراق لەم دۆخە چەقبەستووە سیاسییە بگاتە ئەنجام.
هاوکات ئیبراهیم دلێمی شارەزای سیاسی عێراق ڕایگەیاندووە کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سیادەی سوننە گەیشتوونەتە دەستپێشخەرییەک کە بڕیارە لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە بیخەنە بەر باس و وتووێژ.
ناوبراو وتی کە پێدەچێت کوردەکان لە سەر پۆستی سەرۆک کۆمار گەیشتوونەتە ڕێکەوتن و سەرۆکی حکومەتی داهاتووش لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبێت.
ئەو شارەزا سیاسییەی عێراق هەروەها وتی کە هاوپەیمانی سیادە و لایەنە سیاسییەکانی سوننەش هیچ ڤیتۆیەکیان لە سەر کاندیدبوونی محەممەد شیاع سودانی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق نییە./.