جام کوردی – هومایون شەجەریان، کوڕی هونەرمەندی گەورەی ئێران محەمەد رەزا شەجەریان دوو گۆرانی کوردی بڵاوکردەوە.
هومایون شەجەریان لە ئینستاگرامی خۆی دوو گۆرانی کوردی “شیرینە سەوزە” و “مینا گیان”ـی بڵاوکردەوە.
بەرهەمەکان لەلایەن “ئارەش گۆران” میوزیسیانی ئێرانی کاری دابەشکردنی بۆ کراوە.
شەجەریان، لەبارەی بڵاوکردنەوەی ئەو دوو گۆرانییە کوردییەوە نووسراوێکیشی بڵاوکردووەتەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
لە ساڵی 2008 شانازیی ئەوەم پێبەخشرا لە ژێر سێبەری باوکم و لەگەڵ گرووپی ئاوا بۆ کۆنسێرتێک بچمە سلێمانی. لەوێ میواندۆستی و میهرەبانیی خەڵک و هونەرمەندان لە سات بە ساتی سەفەرەکەدا وەک گەرمای گیانبەخشی هەتاو لەگەڵماندا بوو و جگە لە سوپاس و پێزانینێکی سادە کارێکی دیکەمان لەدەست نەدەهات. هەر لەو رۆژانەوە هاوڕێیەتییەکی پڕ لە میهر و خۆشەویستیی لەنێوانمان دروستبوو و تاوەکو ئەمڕۆش لەگەڵ مندایە.
بیرەوەرییە خۆشەکانی ئەو سەفەرە هیچکات لە بیرەوەرییەکانی من کاڵ نەبووەتەوە و بووە هۆی ئەوەی ساڵی 2012 و ئەمجارە بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامەیەک لەگەڵ ئۆرکێسترای هونەرمەندان و ژەنیارانی سلێمانی بۆ جاری دووەم سەردانی ئەو شارە بکەم. دوای ئەو هاوکارییە، لەلایەن هاوڕێ خۆشەویستەکانمەوە بیرۆکەی دوو گۆرانیی کوردی درایە من و منیش بە حەزێکی زۆرەوە قبووڵمکرد.
بەهۆی ئەوەی ئاشنایەتییەکی زۆر کەمم لەگەڵ هەندێ وشەی ئەم زمانە جوان و کۆنەدا هەبوو، دەترسام وشەکان بە هەڵە دەرببڕم و ببێتە هۆی گۆڕینی مانا و هەستەکانی وشەکان. بۆیە منیش پێموابوو وەک گۆرانییەکەی “رو سر بنە ببالین” کە لەلایەن باوکمەوە گوترابوو، منیش ئەو دوو گۆرانییە بە شیعری فارسی بڵێمەوە بۆ ئەوەی بتوانم بەباشترین شێوە دەری ببڕم. بەڵام هاوڕێیانم ئەوەیان دەگوت کە گۆرانییەکان بە زمانی کوردی خۆشییەکی دوو هێندەی هەیە و منیش لەکۆتاییدا ملکەچی ئەو داواکارییە بووم و بڕیارمدا بە وەرگرتنی مانای شیعرەکان، ئەو دوو گۆرانییە بە کوردی بڵێمەوە و هیوادار بم کە لە روانینی پڕ لە خۆشەویستیی ئێوەدا لە گوتنەوەی ئەو دوو گۆرانییە سەربەرز بم. (محەمەد رەزا شەجەریان گۆرانیی خەمگین و دڵ پەشێوم ـی عەلی ئەسغەر کوردستانی کردبووە فارسی و چەندجارێک لە کۆنسێرتەکانیدا بەناوی یادێک لە عەلی ئەسغەر کوردستانی ئەو گۆرانییەی دەگوتەوە.)
ئەو دوو گۆرانییە لە قوڵایی دڵمەوە و بەهەموو گیانمەوە پێشکێشی دەکەم بە هەموو هۆگرانی خۆشەویست بەتایبەت خۆشەویستانی کورد زمانم لە ئێران و سەرانسەری ئەم جیهانە بەرینە.
هیوادارم ئەم بوێرییەم لە پێشکێشکردنی ئەمجۆرە بەرهەمانە، بخەنە پێی خۆشەویستییە بێ کۆتاییەکەم. خۆشەویستی بە میوزیک، بە ئێران، بە هەموو شارەکانی و زمانەکان و زاراوەکانی.
هومایون شەجەریان کوڕی گەورە هونەرمەندی ئێران محەمەد رەزا شەجەریانە. ساڵی 1975 لە تاران لەدایکبووە. سەرەتای کاری هونەری وەک ژەنیاری زەرب بوو لەکۆنسێرتەکانی باوکی، دواتر لە کۆنسێرتەکان و هەروەها لە چەند ئەلبوومێکی باوکیدا بە گۆرانیی هاوکاریی باوکی دەکرد تاوەکو لە ساڵی 2003 یەکەمین ئەلبوومی خۆی بەناوی “نەسیم وەسل” بڵاوکردەوە و پێشوازییەکی زۆری لێکرا.
هومایون شەجەریان کە جگە لە ئاواز ژەنیاری کەمانچە و زەربە، ئاوازی بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵ لەلای باوکی تەواوکردووە و لەساڵی 2018 بڕوانامەی دکتۆرای لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیریی ئێرانەوە بۆ ئاواز پێدرا. 24 ئەلبوومی میوزیکی بڵاوکردووەتەوە لەگەڵ چەندین گۆرانیی بەشێوەی تاک.
هومایون شەجەریان ئێستا یەکێکە لە بەنێوبانگترین هونەرمەندانی ئێرانی لە جیهاندا کە چەندین خەڵاتی نێوخۆیی و رێزلێنانی نێودەوڵەتیی پێبەخشراوە. کۆنسێرتەکانی پێشوازییەکی گەورەی لێدەکرێت و دوایین کۆنسێرتی لە تاران ریکۆردی فرۆشتنی بلیتی لە ماوەیەکی کەمدا شکاند.