بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا لە وتارێکی بۆ ڕێوڕەسمی کۆتایی ئاهەنگەکانی چلەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبوڵڵا، وتی: هێزەکانی حزبوڵڵا شوێنکەوتووی ئیمام خومەینی (رە) و ڕێبازەکەی ئەوانن و فەرموودەکانی بەڕێزیان بە گەورەترین ڕێنمای حزبوڵڵا لە ئێستاش دادەنرێن.
نەسروڵڵا بە ئاماژە بە هاوکاری هاوبەشی سوپای سوریا و خۆڕاگری لە ساڵی 1982 بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی کە سەرکەوتنەکەی ساڵی 2000 ی خۆڕاگری کۆتایی بە پرۆژەی ئیسرائیلی گەورە هێنا و ئەو سوپایەی کە بانگەشەی شکست نەهێنانی دەکرد تووشی شکستێکی گەورە کرایەوە.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە درێژەدا وتی: دوایین دەسکەوتی خۆڕاگری لە شەڕی ساڵی 2006، هاتنی خۆڕاگری بۆ گەڕانەوەی مافەکانی لوبنان لە نەوت و گاز بووە و ئازادکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی لوبنانیش بە ئەرکێکی نیشتمانی دادەنرێت.
سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: یەکێک لە ئەرکەکانی ئێمە بۆ داهاتوو، پەرەپێدانی هاوکێشەی بەرگرییە بۆ پاراستنی خاک، خەڵک و سامانەکانی لوبنان.
ناوبراو هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی سەبارەت بە دیاریکردنی سنورە دەریاییەکان بە بێ بایەخ ناو برد و وتی کە تێڕوانینی ئێمە ڕوونە و چاوەڕوانی ڕۆژانی داهاتوو دەکەین تا بە پێی ئەوە هەنگاوی پێویست هەڵبگرین.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی کە پرسی فەڵەستین بووەتە بەشێک لە ئائین، کەلتور، ئابڕو و شەرەفی گەلی ئێمە و هیچ شوێنێک بۆ وازهێنان، بێلایەنی و پاشەکشە لەمە بوونی نییە.
نەسروڵڵا هەروەها سوریاشی بە کۆڵەکەی بەرەی خۆڕاگری لە ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی ناو برد./.