بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرکردەکانی هەر دوو بزوتنەوەی فەڵەستینیی حەماس و جیهادی ئیسلامی، ڕۆژی دووشەممە 22 ی ئاب، کۆبوونەوەیەکی گرنگیان لە شاری غەززە بەڕێوە برد.
هەر دوو لا پاش کۆبوونەوەکە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند: خۆڕاگری بژاردەیەکی ستراتیژی و بێ گەڕانەوەی ئێمەیە و بە هاوئاهەنگی نێوان هەر دوو بزوتنەوە و بە تایبەت کەتیبە سەربازییەکانی قەسام و قودس درێژە بەم ڕێگایە دەدەین و بە دوژمنی زایۆنیستی سەبارەت بە هەر هەڵەیەک لە دژی گەل و خۆڕاگریی قارەمانی فەڵەستین هۆشداری دەدەین و وەڵامی ئێمە بۆ هەر دەسدرێژییەکی دوژمن، بەهێز و یەکپارچە دەبێت.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: لە کۆبوونەوە هاوبەشەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا کراوە و لە سەر زیاترکردنی چالاکییە هاوبەشەکان و چالاککردنەوەی لێژنە هاوبەشەکان لە بوارەکانی سیاسی، ئەمنی و سەربازی ڕێکەوتن کراوە.
هەر دوو بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە ژووری عەمەلیاتی هاوبەشی خۆڕاگری دەسکەوتێکی نیشتمانییە کە سەرجەم گرووپە فەڵەستینییەکان تێیدا بەشدارن و لە یەک چوارچێوەدا چالاکی دەکەن و لە سەرووی هەمووانەوە کەتیبەکانی قەسام و قودس دەبینرێن و هەموومان بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵ و پێگەی تا ئازادکردنی فەڵەستین و گەڕانەوەی ئاوارەکان هەوڵ دەدەین.
ئەوان داوایان لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین لە کەرتی خۆرئاوا کردووە کە واز لە گرتنی تێکۆشەرانی فەڵەستینی بێنێت و لە زووترین کاتدا زیندانییە سیاسییەکان بە تایبەت لە گرتووخانەی ئەریحا ئازاد بکات و کۆتایی بە هاوکارییە ئەمنییەکانیش لە گەڵ دوژمنی زایۆنیستی بێنێت.
حەماس و جیهادی ئیسلامی هەروەها جەختیان لە سەر مسۆگەربوونی یەکڕیزی نیشتمانیی فەڵەستین لە ڕێگای پێکهێنانی ئەنجومەنێکی نوێ بە بەشداری سەرجەم فەڵەستینییەکانی ناوخۆ و دەرەوە کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە هەوڵەکان لە پێناو خزمەت گەیاندنی زیاتر بە گەل و خۆڕاگریی فەڵەستین بەردەوام دەبێت./.