بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شەوی دووشەممە 22 ی ئابی 2022، کۆبوونەوەی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و محەممەد سادق موعتەمدیان پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێران لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لە ڕاگەێندراوێکی پارێزگای هەولێردا هاتووە: لەو کۆبوونەوەدا باس لە دەقی ڕێکەوتنە 16 خاڵییەکەی نێوان هەر دوو پارێزگا کرا و هەر دوو لا خۆشحاڵی خۆیان سەبارەت بە پێشکەوتنی بەرچاو لە جێبەجێکردن و جموجوڵە بازرگانی و ئابورییەکان لە خاڵی سنوریی حاجی ئۆمەران – تەمەرچین دەربڕی کە لە پاش واژۆکردنی ڕێکەوتننامەکە لە سەدا 60 ی خاڵەکانی لە لایەن هەر دوو پارێزگاوە جێبەجێ کراوە.
لەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە کە لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە خاڵی 10 ی ڕێکەوتنەکە وتووێژ کراوە کە تایبەتە بە گەشتکردنی گەشتیارانی ئێرانی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە ڕێگای خاڵی سنوری حاجی ئۆمەرانەوە بە پێی ڕێکار و ڕێنماییەکانی بەرکاری هەر دوو وڵات لە بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە دەست پێبکات.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندووە کە بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی ئێرانی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق لە خاڵی سنوری حاجی ئۆمەرانەوە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەکارییەک کراوە و ئامادەشین هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش بکەین و دڵنیایی دەدەین کە پاراستنی سەلامەتی ئەوان لە هاتن و چوونیان لە ڕیزی گرنگترین کارەکانی ئێمەدایە.
هەر لەو کۆبوونەوەدا پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاواش ڕایگەیاند کە خۆشحاڵە بەوەی لە پاش واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی هاوبەش لە گەڵ پارێزگای هەولێر، جموجوڵی بازرگانی لە خاڵە سنورییەکانەوە بەرەوپێشچوونی زۆری بە خۆوە بینیوە./.