بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میسر بە وڵاتێکی قەرزدار دەناسرێت، لە پاش چەندین وڵاتی وەک غانا، تونس و پاکستان، ڕێژەی قەرزەکان و بە تایبەت دواکەوتنی کاتی دانەوەی بووەتە کێشەیەکی جیدی.
میسر لە سەرەتای ساڵی 2022 تا ئێستا بە ڕێژەی 20 ملیار دۆلار لە سامان و داهاتی خۆیی بۆ دابەزینی کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی بەکار هێناوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕێژەی داراییەکانی میسر کە لە 4 ساڵی ڕابردوو لەو وڵاتە براوەتە دەرەوە، گەیشتووەتە 55 ملیار دۆلار.
ئاژانسی بلۆمبێرگ پێشبینی ئەوەیکردووە کە ڕەنگە میسر بە ناچار بەهای دراوی نیشتمانیی خۆی لە بەرامبەر دۆلار و دراوەکانی دەرەوە تا لە سەدا 23 دابەزێنێت و لەم ڕێگایەوە بتوانێت قەرزی زیاتر لە سندۆقی نێودەوڵەتی دراو وەربگرێت.
پێشتر چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاند کە میسر بۆ وەرگرتنی قەرزی 12 ملیار دۆلاری لە گەڵ سندۆقی نێودەوڵەتی دراو سەرقاڵی دانوستانە.
لەو کاتەوە عەبدولفەتاح سیسی گەیشتووەتە دەسەڵات، ڕێژەی قەرزە دەرەکییەکانی میسر بەردەوام ڕووی لە بەرزبوونەوە بووە. 46.5 ملیار دۆلار لە ساڵی 2013، کەمبوونەوە بۆ 41.7 ملیار دۆلار لە ساڵی 2014، بەرزبوونەوە بۆ 84.7 ملیار دۆلار لە ساڵی 2016، 100 ملیار دۆلار لە ساڵی 2018، 115 ملیار دۆلار لە ساڵی 2019 و 137 ملیار دۆلار لە ساڵی 2021.
لە ساڵی 2021 میسر لە پلەی 158 ی وڵاتانی جیهان لە نێو 189 وڵاتدا بووە، لە ڕووی قەرزەوە بەراورد بە وەبەرهێنانی ناوخۆیی. حکومەتی قاهیرە لە ساڵی 2022 پلانی دابەزاندنی قەرزەکانی ڕاگەیاند بەڵام بە هۆی قەیرانی ئۆکرانیا و کاریگەرییەکانیەوە ڕەنگە جێبەجێ نەکرێت.
میسر لە ئێستادا خاوەنی 33.5 ملیار دۆلار یەدەکی داراییە کە 14 ملیار دۆلاری پارەی وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارسە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە تارق عامر سەرۆکی بانکی ناوەندی میسر ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو پاش 7 ساڵ وازی لە پۆستەکەی هێنا./.