بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خۆراسانی باشور، مەڵبەندێکی کۆن بە دەیان ئاسەواری مێژوویی کە پیشاندەری شارستانیەتی دەوڵەمەندی ئەم پارێزگایە و گرنگییەکەیە کە لە سەردەمانی کۆنی مێژووەوە بۆی ماوەتەوە.
مزگەوت لە نێو بیناسازی ئیسلامی گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە بەر ئەوەی کە لە سەردەمانی کۆنەوە لەم بینا مەزهەبییە وەک شوێنی کاروباری ئائینی، نوێژخوێندن و هەروەها ڕێوڕەسمە جیاجیاکان کەڵکی لێ وەرگیراوە، تەنانەت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی خەڵکی هەر ناوچەیەک مزگەوت باشترین شوێن بۆ کۆبوونەوەی ئەوان و یەکخستنی بۆچوونەکانیان بووە، بەم بۆنەوە ئەندازیاران و پیشەگەران لە مێژەوە گرنگییان بە کردنەوەی مزگەوت داوە و لەم ڕێگایەشدا سەرکەتوو بوون.
خۆراسانی باشور لە ڕۆژهەڵاتی ئێران مەڵبەندی مزگەوتە کۆن و مێژووییەکانە کە بەدەر لە ڕاکێشیگەلی بیناسازی و مێژوویی، پیشاندەری کەلتور و بڕوا و داب و نەریتی خەڵکی ناوچەکەیە.
بوونی مزگەوتە مێژووییەکانی وەک مزگەوتی گشتی عەلەوی، مزگەوتی گشتی خزری، مزگەوتی عاشورا، مزگەوتی گشتی هندواڵان و مزگەوتی جوت حەساران و …. لەم پارێزگایە پیشاندەری قووڵایی بیر و بڕوای ئائینی خەڵکە.
مزگەوتی گشتی قائن لە خۆراسانی باشور بە مێژوویەکی 1100 ساڵە وەک بەرزترین بینای قائن و یەکێک لە جوانترین و گرنگترین بینا مێژووییە ئێرانی – ئیسلامییەکان هەژمار دەکرێت.
سەبارەت بە مێژووی درووستکردنی مزگەوتەکە بۆچوونی جیاجیا هەیە بە شێوازێک کە هەندێک پێیان وایە ئەم مزگەوتە لە شوێنی ئاگرکەدەیەکی ساسانییەکان درووست کراوە و هەندێکی دیکە وەک ناسر خەسرەو کاتی درووستکردنی مزگەوتەکەیان بۆ سەدەی پێنجەمی کۆچی گەڕاندووەتەوە.
ناسر خەسرەو قوبادیانی لە ناوەڕاستی سەدەی پێنجەمی کۆچی ئەم شارەی بە سەر کردووەتەوە و وای گێڕاوەتەوە کە ” قائن شارێکی گەورە و جوانە، لە چواردەوەری شارەکە خەندەقێک هەیە و مزگەوتێکی جوان لە شارەکەدایە “.
ئەڵبەت بە پێی ئەوەی کە قائن شوێنی ڕوودانی بومەلەرزەکان بووە، ڕەنگە ئەم مزگەوتە لە چەند سەردەمێکدا تووشی زیان و ڕووخان بووبێت و پاشان نۆژەن کرابێتەوە.
بە پشت بەستن بە بەردەنووسێکی نێو مزگەوتەکە، ئەم بینایە لە ساڵی 796 ی کۆچی مانگی لە سەر فەرمانی ئەمیر جەمشید قارنی نۆژەن کراوەتەوە و بەکارهێنانەکەشی گۆڕاوە. بیناکە لە بنەڕەتدا لە ساڵانی 660 تا 670 ی کۆچی مانگی بونیاد نراوە و دەوترێت لە سەرەتادا ناوەندێکی حکومی بووە و بەم هۆیەوە مزگەوتەکە بەرەو ڕووگە نییە. هەر بۆیە بە پشت بەستن بە کتێبی ” ئاسەوار و بینا مێژووییەکانی خۆراسانی باشور ” مزگەوتی گشتی قائن لە بینا درووستکراوەکانی سەردەمی ئیلخانییەکانە.
لە یەکێک لە نووسراوەکانی نێو ئەم بینایە ئاماژە بە ساڵی 796 ی کۆچی مانگی دراوە کە نووسراوە ” ئەم بینایە لە سەر فەرمانی جەمشید قارن لە بنەماڵەی ناسراوی قارن کە لە سەردەمی ئەمیر تەیمور جەهانگوشا دەسەڵاتداری قائن و ماوەیەکیش دەسەڵاتداری ساری و دامەغان بووە، نۆژەن کراوەتەوە.
ئەم مزگەوتە بینایەکی زۆر کۆن و بەشکۆیە کە ڕوبەری زەوییەکەی 1470 مەتری دووجایە و 1050 مەتری وەک بینا لێ درووست کراوە.
هەیوانی سەرەکی مزگەوتی گشتی قائن کە شکۆی بیناسازی ئیسلامی دەخاتەڕوو، 18 مەتر بەرزە و 11 مەتر پانتاییەکەیە و 22 مەتریش درێژیی هەیە.
حەوشەی مزگەوتەکە 33 مەتر درێژی هەیە و پانتایەکەشی 28 مەترە.
پێشتر دوو مینارە لە هەر دوو بەشی هەیوانی مزگەوتەکە هەبووە و جوانییەکی دیکەی پێ بەخشیبوو بەڵام ڕووخاوە و تا پێش ڕووخانی دەنگی بانگبێژەکانی لێ بەرز دەکرایەوە.
دیمەن و جوانییەکانی هەیوانی مزگەوتی گشتی قائن بە شێوازی ئەسفەهانی بووە و لە سەردەمی سەفەوییەکان کراوە و لە دەیەکانی دواتر ئەو دیمەن و نیگارانە ڕەنگ کراون.
ئەم مزگەوتە دوو ڕووگەی هەیە کە یەکێک بەرەو بەیتولموقەدەس و ئەوی دیکە بەرەو کەعبەیە. ئەگەرچی ئەم مزگەوتە لە ڕیزی کۆنترین مزگەوتەکانی ئێراندایە بەڵام میحرابەکەی پەیوەندی بە گۆڕینی ڕووگەی موسڵمانان لە مزگەوتی ئەقسا بەرەو مەککەی پیرۆزەوە نییە، ڕەنگە بە هۆی ناکۆکییەکانی سوننە و شێعەی دانیشتووی ناوچەکە و دیاریکردنی شوێنی ڕووگەوە هەبووبێت یان ئەو میحرابەی دیکەی شوێنی نزا و پاڕانەوە لە خودای گەورە بێت.
کاتژمێرێکی هەتاوی لە لایەن مامۆستا تەوحیدی لە نێو بەشی سەرەکی مزگەوتەکە بۆ دیاریکردنی نیوەڕۆی شەرعی لە قائن درووست کراوە. دوو دەرگای مزگەوتەکەش، یەکێک بەرەو بازاڕی کۆن لە ڕۆژهەڵات و ئەوی دیکە بەرەو باکور، واتە شوێنی بازاڕی ئێستا دەکرێتەوە.
هەندێک لەو بڕوایەدان کە لە قەڵای کێوی قائن تا قەڵای ناوەڕاستی شار و مزگەوتی گشتی تونێلێکی ژێرزەوینی هەبووە و کەڵکی لێ وەرگیراوە.
ئەم بینایە لە ساڵی 1316 ی کۆچی هەتاوی بە ژمارە 295 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی وڵاتی ئێران ناوی تۆمار کراوە و لە لایەن میراتی کەلتورییەوە دەپارێزرێت./.