بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مێهرداد فەلاح ئوریمی ڕاوێژکاری بازرگانیی باڵیۆزخانەی ئێران لە عۆمان ڕایگەیاند کە ئەم وڵاتە بووەتە پێنجەم هاوبەشی بازرگانیی ئێران لە نێو وڵاتانی دراوسێ و ڕێژەی هەناردەی ئێران بۆ عۆمان لە 4 مانگەی سەرەتایی ساڵی 1401 ی کۆچی هەتاوی گەیشتووەتە 415 ملیۆن دۆلار کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 123 لە ڕووی بەهاوە زیادی کردووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە پێگەی عۆمان لە بازرگانیی دەرەکی ئێران وتی کە لە ماوەی ئاماژەپێدراو عۆمان لە پلەی حەوتەمەوە گەیشتە پلەی پێنجەمی وڵاتانی دراوسێ لە پاش عێراق، ئیمارات، تورکیا و ئەفغانستان و ئەمەش بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەم وێنە بووە و هەروەها عۆمان لە نێو وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس پلەی دووەمی بازرگانیی لە گەڵ ئێران هەیە.
ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عۆمان لە 4 مانگەی سەرەتایی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی گەیشتە 647 ملیۆن دۆلار کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 86 بەرزبوونەوەی هەبووە./.