بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نزال قەبلان باڵیۆزی پێشووی سوریا لە تورکیا جەختیکردەوە کە گرنگترین داواکاریی دیمەشق بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەنکەرە، کشانەوەی میلیشیاکانی ئەم وڵاتە لە خاکی سوریا و پچڕانی هاوکارییەکانە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان.
ناوبراو وتی: گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا لە پاش دانیشتنەکانی سووچی و تاران ڕوویدا، پاش ئەوەی کە بەرپرسانی باڵای ئەنکەرە بەو ڕاستییە گەیشتن کە گۆڕانکاری لە سوریا بە شێوازی سەربازی ناکرێت و تەنیا چارەسەر گەڕانەوە بۆ وتووێژ و دیپلۆماسییە.
قەبلان سەبارەت بەو داواکارییانەی کە لە لایەن دیمەشقەوە بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەنکەرە ڕەنگە بخرێتەڕوو، وتی: تورکیا دەبێت واز لە پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان بێنێت و یارمەتیدەر بێت کە دەسەڵاتی ئیدلب و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە بۆ حکومەتی سوریا بگەڕێتەوە.
باڵیۆزی پێشووی سوریا لە تورکیا وتی: دیمەشق هەروەها داوا لە ئەنکەرە دەکات کە پاشەکشە بە هێزەکانی لە خاکی سوریا بکات و گرووپە میلیشیاکانی خۆی لەوێدا هەڵبوەشێنێتەوە و لە ڕێگای پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەروەها ئەندامبوونی لە ناتۆ، یارمەتیدەری هەڵگرتنی سزاکانی سەر دامەزراوەکانی سوریا بێت.
ناوبراو وتی: لە ئەگەری قبووڵکردنی ئەم دواکارییانە لە لایەن تورکیاوە دەتوانین باس لە کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی هەر دوو لا بکەین، ئاشکرایە کە دۆست و دوژمنی هەتا هەتایی لە سیاسەتدا بوونی نییە و سەرجەم ئەگەرەکان لە بەرژەوەندییەکانی تورکیا و سوریا بۆ گۆڕانکاری لەم دۆخەدا هەیە.
ئەو بەرپرسەی پێشووی سوریا لە ئەنکەرە وتی: سوریا کە تێچووی زۆری بە هۆی دەستێوەردانەکانی تورکیا و پاڵپشتیکردنی ئەم وڵاتە لە گرووپە تیرۆریستییەکان بەرکەوتووە، ناتوانێت باشترکردنی پەیوەندییەکان بە خۆڕایی یان بە نرخێکی هەرزان بکات، بەڵکوو دەبێت ئەم تێچووە، هێندەی زیان و کاولکارییەکانی سوریا بە هۆی دەستێوەردانەکانی تورکیا و ئەردۆغانەوە بێت./.