بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئامانجی حکومەت ئەوەیە کە هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ وڵاتانی دیکە زیاتر بکەین، لە لایەکی دیکەوە دەبێت دانیشتووانی ناوچە سنورییەکان بۆ بژێوی ژیان کەڵک لە بازرگانیی سنوری وەربگرن و گرنگتر ئەوەی کە ئەمەش یارمەتیدەری پاراستنی باشتری سنورەکان دەبێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە چالاکیی بازاڕچە سنورییەکان، وتی: لە هەندێک بازاڕچەی سنوری لە سەر داوای وڵاتی بەرامبەر، چالاکییەکان تا ڕادەیەک سنوردار کراوە و هەوڵ دەدەین لە ڕێگای وتووێژەوە بازاڕچە سنورییەکان بە تەواوی چالاک بکەینەوە لە بەر ئەوەی کە سیاسەتی حکومەت چالاککردنی بازاڕچەکانە.
وەحیدی لە درێژەدا وتی: ئەوانەی کە بۆ بازرگانیی سنوری لە بازاڕچەکان چالاکی دەکەن، بڕیارە بە پێی ڕێکارنامەی تایبەت، بە شێوازی بازرگانیی بچووک چالاکی بکەن تا ڕێژەیەکی دیاریکراوی هەناردە و هاوردە لەو ڕێگایەوە بێت./.