شرۆڤەکارانی کاروباری ناوچەکە و جیهان ئاماژە بە ئاڵۆزییەکان و کێشە ئەمنییەکانی عێراق لە ساڵانی ڕابردوو دەدەن کە بووە هۆی قوربانیکردنی هەزاران کەس لەم وڵاتە.
ئەوان دەڵێن کە بوونی هێزەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و هەروەها داگیرکارانی ئەمریکا لە عێراق بە گشتی لە ڕیزی مەترسییەکانی سەر ئەم وڵاتەیە. هەر ئاڵۆزییەک لە خاکی عێراق کاریگەریی لە سەر ناوچەکە بە گشتی دەبێت. لە عێراق دەبێت سەبارەت بە هەندێک هێڵی سوور بە تایبەت هەڵوێستی بەغدا لە سەر پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کۆدەنگی هەبێت.
ئاڵۆزییەکانی ئێستا و ئاژاوەگێڕییەکەی سەدر دەتوانێت خاڵێکی لاوازی عێراق لە ناوچەکە بێت و لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارسەوە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانیان بەکار بهێندرێت.
لە لایەکی دیکەوە سیاسەتمەدارانی عێراقی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم ئاڵۆزییە سیاسییە هیچ سوودێکی بۆ ئەم وڵاتە نابێت و عێراق بەرگەی قەیرانی نوێ ناگرێت و دەبێت سەرجەم لایەنەکان لە سەر مێزی دانوستان و وتووێژ کۆببنەوە.
لایەنە سیاسییەکانی عێراق پاش بانگهێشتەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ خۆپێشاندان، هاوکات لە گەڵ ئامادەکاری سەدرییەکان بۆ خۆپێشاندانی گۆڕەپانی تەحریر، سەبارەت بە بەردەوامی و تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان هۆشدارییان دا و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە وەها دۆخێک بۆ خەڵکی عێراق و ناوچەکە مەترسیدارە.
ئەوان هەروەها جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە دەبێت کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بە ئامادەبوونی سەدر و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو بەڕێوە بچێت.
سەرەڕای ئەمەش شرۆڤەکارانی سیاسی دەڵێن ئەگەرچی خۆپێشاندانەکانی عێراق هێشتا بە هێمنی بەڕێوە دەچێت بەڵام ترس و نیگەرانی لە سەر هەنگاوەکانی داهاتووی سەدر بۆ ئاڵۆزترکردنی دۆخی ئەم وڵاتە و پەلکێشکردنی لایەنگرانی بۆ شەڕی ناوخۆیی لە ئارادایە./.