بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چوارچێوەی هاوئاهەنگی شێعەکان بە فەرمی محەممەد شیاع سودانیی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کاندید کرد، ئەمەش بە کۆدەنگیی لایەنە سیاسییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووە و ناڕەزایەتی ڕەوتی سەدری لێکەوتەوە، ئەو ناڕەزایەتییەی کە گەیشتە هێرشی سەر ناوچەی سەوز و داگیرکردنی پەرلەمان و پەککەوتنی ئەم دامەزراوە یاساییەی عێراق.
مانگرتنی بەردەوامی سەدرییەکان بووە هۆی ئەوەی کە لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی ئەم وڵاتە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو هەڵوێستی خۆیان لە دژی ئەم هەنگاوەی سەرۆکی ڕەوتی سەدر ئاشکرا کرد و داوای ئەوەیان کردووە بە پێی هەلومەرجی هەستیاری عێراقەوە ناکۆکییەکان لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەر بکرێت، ئەوان هەروەها جەختیان لە سەر پاراستنی دامەزراوە دەستوورییەکان و وتووێژی ڕەوتی سەدر و لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کردووەتەوە.
بە خۆپێشاندان و ئاژاوەگێڕیی سەدرییەکان و خستنەڕووی داواکارییەکانی ئەوان وەک هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، چاکسازی لە دەستوور و بەڕێوەچوونی دووبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، چوارچێوەی هاوئاهەنگیش وێڕای بەرگری لە شەرعییەتی دامەزراوە یاساییەکانی عێراق جەختیکردەوە کە تەنیا ڕێگای دەربازبوون لە قەیرانە سیاسییە، وتووێژی لایەنە سیاسییەکانە و هەر گۆڕانکارییەکیش دەبێت لە ڕێگای دامەزراوە دەستوورییەکان و بە ڕێکاری یاسایی خۆی بێت.
لە بەردەوامی ئەم دۆخەش، سەدر دیسانەوە داوای بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانی ملیۆنی لایەنگرانی خۆیی لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا کرد.
چوارچێوەی هاوئاهەنگیش بانگهێشتی سەرجەم لایەنگرانی کرد کە بۆ پاراستن و بەرگری لە دامەزراوە یاساییەکان و شەرعییەتی ئەوان بڕژێنە سەر شەقامەکان.
دوو ڕۆژ پاش ئەوەش، سەدر لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە خۆپێشاندانی لایەنگرانی بۆ کاتێکی نادیار دوا دەکەوێت.
هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح وەک بەشێک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی عێراق سەردانی زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی کرد و دەستپێشخەرییەکی بۆ ئەم مەبەستە خستەڕوو. ناوبراو سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە گەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لایەنەکانی دیکەش کۆبووە.
پاش گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستان، عامری لە بەغدا لە گەڵ بەرەی تورکمانی و هەروەها نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق کۆبووە.
لە درێژەی ئەم هەوڵانەدا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە کرد، ئەو کۆبوونەوەش بە بێ ئامادەبوونی نوێنەری ڕەوتی سەدر بەڕێوەچوو و ئەم ڕەوتە بەردەوام پێداگریی لە سەر بۆچوونەکانی خۆی کردووەتەوە، ئەڵبەت بە لای هەندێک لە شارەزایانی کاروباری ناوخۆیی عێراقەوە دواکەوتنی وادەی بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانە ملیۆنییەکەی سەدر وەک نەرمی نواندنە لە بەرامبەر دەستپێشخەرییەکەی عامری و هەوڵی لایەنەکانی دیکە.
لەم چوارچێوەدا، ژمارەیەک لە سیاسەتمەداران و شرۆڤەکارانی عێراقی لە وتووێژیان لە گەڵ میدیاکانی ئەم وڵاتە هەوڵیان داوە لە ڕوانگەی خۆیانەوە شرۆڤەی ئەم دۆخەی ئێستای عێراق بکەن و خوێندنەوەی خۆیان بۆ جموجوڵەکانی سەدرییەکان و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هەوڵەکانی عامری بخەنەڕوو.
حامید موسەوی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە ئاماژە بە چاوپێکەوتنە بەردەوامەکانی جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گەڵ سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، وتی: دەستپێشخەرییەکەی عامری لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پاڵپشتی دەکرێت.
ناوبراو وتی: بە پێی کۆدەنگی، عامری پیاوێکی گونجاوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانەی ئێستا و پرۆژەپێشنیارەکەی ڕێکەوتنی سیاسی بە پێی دەستەبەرکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە خۆ دەگرێت.
موسەوی بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی وتی کە داواکەی ناوبراو بۆ وتووێژ لە چوارچێوەی خشتەیەکی کاتی دیاریکراو بووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە نەدیم جابری ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق وتووێژی لە گەڵ حکومەتەکەی کازمی بە بێ سوود ناو برد و لە هەمان کاتدا دواخستنی خۆپێشاندانەکەی ڕەوتی سەدری بە بڕیارێکی ژیرانە بۆ ڕێگری لە ئەگەری هەر پێکدادانێک ناو برد.
ناوبراو بە تێڕوانینی خۆی پێکهاتەی حکومەتی لە عێراق بە لاواز و بێ سیستەمی چاودێریی گونجاو ناو برد و کێبڕکێی لە سەر پۆستە باڵاکان بە کێشەیەکی گەورەی بەردەم پرۆسەی سیاسی ناو برد.
لە لایەکی دیکەوە، فەلاح زەهبی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی عێراقی پێی وایە کە ئەم وڵاتە لە قۆناغێکی ڕاگوزەری مێژووییدایە.
ناوبراو نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی بە کەسایەتییەکی بەهێز ناو برد و وتی کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر کێشەیەکی لە گەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و حەشدی شەعبی نییە.
دکتۆر ڕافد عەتوانی لێکۆڵەری سیاسیش ڕایگەیاند کە دواخستنی خۆپێشاندانی سەدرییەکان پەیوەندیی بە وتووێژەکانەوە نییە و تەنیا لە سەر داوای سەدر بۆ ڕێگری لە هەر شەڕ و پێکدادانێک بووە.
ناوبراو وتی: لایەنە شێعەکان لە پێکدادانی جەماوەری نزیک بوونەوە و سەدر دەرگای وتووێژی بە کراوەیی هێشتەوە بەڵام ڕەوتەکەی بۆ دەستپێکردنی وتووێژەکان داوای دەستەبەرکردن لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یان دەزگای دادی عێراق دەکات.
عەتوانی وتی کە دەزگای داد دەبێت بە دوور لە هەڕەشە و کاریگەرییەکی سیاسییەوە بڕیار بدات.
وائیل ڕکابی ئەندامی دەوڵەتی یاساش وتی کە هیچ لایەنێکی سیاسی بە بێ سەلماندنی گەندەڵییەکەی لە گۆڕەپانی سیاسی دوور ناخرێتەوە.
ناوبراو کۆبوونەوەی داهاتووی عامری و سەدری بە گرنگ ناو برد و وتی کە پەرلەمانی ئێستا پێگەی یاسایی خۆیی هەیە و دەبێت بمێنێتەوە.
ڕکابی وتی کە بە بێ ڕاوێژی لایەنە سیاسییەکان هیچ بڕیارێک سەرکەوتوو نابێت، کورد و سوننە داوای بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان دەکەن و پرسی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان لە ئێستادا بایەخێکی نییە.
خالید عەبدوڵڵا مامۆستای زانکۆ یەکێکی دیکە لەو کەسانە بووە کە بۆچوونی خۆیی لە سەر دۆخی ئێستای عێرا خستووەتە ڕوو و ڕایگەیاندووە کە دەستوور موڵەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بە حکومەتی کاربەڕێکەر نەداوە.
ناوبراو بە پێویستی زانیوە کە چاکسازی لە بەشێک لە مادە و بڕگەکانی دەستووری عێراقدا بکرێت و وتی کە دەستوور وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە و هەموارکردنەوەشی پێویستی بە ڕەزامەندی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان هەیە./.