بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەم ڕۆژانە هاوکاتە لە گەڵ حەفدەیەمین ساڵیادی دەرکردنی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە و چۆڵکردنی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان، ڕووداوێک کە لە مێژووی داگیرکاریی فەڵەستین لە ساڵی 1948 بەداوە وێنەی نەبووە.
لە 15 ی ئابی 2005 ڕژێمی زایۆنیستی چۆڵکردنی 21 شارۆچکەی زایۆنیست نشینی بە 8 هەزار دانیشتووەوە دەستپێکرد. ئەو شارۆچکانەی کە 36 کیلۆمەتری چوارگۆشە لە ڕوبەری 360 کیلۆمەتری چوارگۆشەیی غەززەی داگیر کردبوو.
ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە ساڵی 1967 ناوچەی غەززەی داگیر کرد و یەکەم شارۆچکەی زایۆنیست نشین بە ناوی نەیتسەر حازانی لە هەمان ساڵدا درووست کرا، سێ شارۆچکەی دیکەش لە ساڵی 2001 پاش ڕاپەڕینی دووەمی غەززە درووست کرا. دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین لە ساڵی 1994 دامەزرا و ڕژێمی زایۆنیستی ئیدارەی غەززەی ڕادەست کرد بەڵام بەردەوام هێزەکان و شارۆچکە نشینەکانی زایۆنیست لە ناوخۆی غەززە مانەوە.
بەڵام پاشەکشە و هەڵهاتنی زایۆنیستەکان لە غەززە بە هۆی هێرش و گوشاری بەردەوامی خۆڕاگریی فەڵەستین لە سەر هێزەکانی ئەو ڕژێمە، بە تایبەت لە پاش ڕاپەڕینی دووەم لە ساڵی 2000، خێراتر بوو. لە سەر ئەمە دەبێت ئاماژە بە شەڕی تونێلەکان بدەین کە بە تایبەت لە دوو ساڵی کۆتایی ئامادەبوونی زایۆنیستەکان لە غەززە، گوشارەکانی لە سەر ئەم ڕژێمە زیاتر کرد و هێزە فەڵەستینییەکان ڕۆژانە هێرشیان دەکردە سەر پێگەی هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی.
لە لایەکی دیکەوە ڕژێمی زایۆنیستی لە بەرواری 29 ی ئەیلول تا 16 ی تشرینی یەکەمی 2004 هێرشێکی وشکانیی بۆ سەر غەززە بە دەیان تانکی مرکاوا و پشتیوانی کۆپتەرەکانی ئاپاچی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هێرشە مووشەکییەکانی کەتیبەکانی عێزەدین قەسام لە ناوچە جیاجیاکانی غەززە دەستپێکرد کە زایۆنیستەکان وەک پرۆسە سەربازییەکانی ڕۆژانی توڕەیی ناویان دەبرد، سەرەڕای ئەمەش هێرشەکان ئەنجامێکی نەبوو.
ئەمەش بووە هۆی زیاتربوونی تێچووە ئەمنییەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە کەرتی غەززە و لە ئاکامدا ئەریێل شارۆن سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی ئەم ڕژێمە پرۆژەیەکی بە ناوی پچڕانی پەیوەندییەکان خستەڕوو تا گوشارە ئابوری و سەربازییەکانی سەر ڕژێمی تەل ئەبیب کەم بکاتەوە. کاتێک کە پرۆسەی کشانەوە و هەڵهاتن لە غەززەش دەستیپێکرد، زایۆنیستەکان و هێزە سەربازییەکانیان سەرجەم خانوو و کەنیسە و بنکە سەربازییەکانیان ڕووخاند تا شتێک بۆ فەڵەستینییەکان نەمێنێتەوە، بە شێوازێک کە زیاتر لە 2000 خانوو و 26 کەنیسە ڕووخان.
ئەڵبەت شارۆچکە نشینەکان ئامادەی کشانەوە لە غەززە نەبوون و بڕوایان بەوە نەبوو کە خۆڕاگریی غەززە لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە خاکی باب و باپیرانی خۆیان لە ژێر داگیرکاریی ئەوان وەربگرنەوە، هەر بۆیە شەڕ و پێکدادانێکی زۆر لە نێوان شارۆچکە نشینەکان و هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ڕوویدا و ئەم ڕژێمە بە سەپاندنی زۆر و تەنانەت بەڵێنی دارایی ئەوانی ناچار بە کشانەوە لە غەززە کرد.
هاوکات لە گەڵ کشانەوە لە غەززە، زایۆنیستەکان چوار شارۆچکەی کەرتی خۆرئاواشیان بە ناوەکانی جانیم، کەدیم، حومش و سانۆریان چۆڵکرد. پاش هەڵهاتنی داگیرکارانی زایۆنیست لە غەززە، فەڵەستینییەکان ڕژانە سەر شەقامەکان و بە بۆنەی کۆتایی هاتنی داگیرکاریی غەززە پاش 38 ساڵ ئاهەنگیان گێڕا.
یەک ساڵ پاش ئەوەش بزوتنەوەی حەماس لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2006 زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمانی فەڵەستینی مسۆگەر کرد. پاش ئەوەش ئیسماعیل هەنیە ئەندامی باڵای حەماس لە لایەن مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستینەوە وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرا بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان هەر دوو لا ڕووی لە زیادبوون کرد و مەحمود عەباس ئیسماعیل هەنیەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و کابینەی کاتیی پێکهێنا. لە پاش ئەمەش بزوتنەوەی حەماس لە ساڵی 2007 هێزەکانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستینی لە کەرتی غەززە دەرکرد و ئەم ناوچەی کۆنتڕۆڵ کرد. لەو کاتەشەوە ڕژێمی زایۆنیستی تا ئێستا بە هەموو شێوازێکی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی گەمارۆی خستووەتە سەر ئەم ناوچەیە.
بە بۆچوونی شارەزایان، هەڵهاتنی زایۆنیستەکان لە کەرتی غەززە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە لە پەرەسەندنی چالاکییەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین و چەکەکان و هەروەها گۆڕەپانی شەڕی دژ بە ڕژێمی داگیرکار بووە، بە شێوازێک کە لە هەر ڕوبەڕوبونەوەیەکی خۆڕاگریی غەززە لە دژی داگیرکاران، داهێنانێکی نوێ لە لایەن خۆڕاگرییەوە بینراوە.
کشانەوە و بە چەشنێک هەڵهاتن لە غەززە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی هێندە ئاسان نەبوو و هەمان کات سەرکردە ئەمنی و سەربازییەکانی تەل ئەبیب ئەوەیان ڕاگەیاند کە چیدی ناتوانن ئاسایشی شارۆچکە نشینەکان دابین بکەن و هەروەها زیانەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنیستیش ڕووی لە زیادبوون کردبوو.
لە ڕاستیدا ڕژێمی زایۆنیستی کۆتایی بە داگیرکاری خۆی لە کەرتی غەززە هێنا بەڵام بە درێژەپێدانی سیاسەتی گەمارۆ و هێرشەکان، ژیانی فەڵەستینییەکانی ڕوبەڕوی مەترسی و دژوارییەکی زۆر کردووەتەوە، ئەو گەمارۆیەی کە لە ماوەی 17 ساڵی ڕابردوو زۆربەی بەشە گرنگەکانی غەززەی لەناو بردووە.
هێزەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی پاش کشانەوە لە کەرتی غەززە، سێ بازگەی سەرەکییان بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا داخست و تەنیا بازگەیەک بە ناوی کەرەم ئەبوسالم بە کراوەیی مایەوە کە ئەویش وەڵامدەرەوەی سەرجەم پێداویستییەکانی کەرتی غەززە نەبوو، هەموو کات ئەو بازگەیەش بە خواستی خۆیان دادەخەن.
لە لایەکی دیکەوە، خۆڕاگری فەڵەستین لەو ڕۆژەوە تا ئێستا بۆ گەیشتن بە دەسکەوتی گرنگ و گۆڕانکاری بەرچاوی سەربازی بەردەوام بووە و ئەمەش بە تایبەت لە شەڕی ساڵی 2021 ناسراو بە شمشێری قودس کە سەرجەم ناوچەکانی وەک تەل ئەبیب و حەیفا کەوتنە بەر پەلاماری مووشەکیی گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین، بە ڕوونی بینرا./.