بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵیادی کودەتاکەی 28 ی گەلاوێژی ساڵی 1332 ی کۆچی هەتاوی (19 ی ئابی 1953) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاو کردەوە.
ناوبراو لەو پەیامەدا ئەمریکای بە وڵاتێک ناو برد کە زیاترین ژمارەی دەستێوەردان و هێرشی سەربازی و کودەتای لە دژی وڵاتان و حکومەتە سەربەخۆکانی جیهان هەیە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە کودەتاکەی 19 ی ئابی 1953 لە دژی حکومەتی نیشتمانیی ئێران، نموونەیەکە لەم مێژووە ڕەشە.
کەنعانی پرسیاری ئەوەیکرد کە ئایا حکومەتی ئەمریکا لە سیاسەتی هەڵە و شکستخواردووی خۆی لە بەرامبەر ئێران پاشگەز دەبێتەوە و ڕێز لە مافە ڕەواکانی گەلی ئێران دەگرێت؟
ئەمڕۆ هەینی 28 ی گەلاوێژ بەرامبەرە بە ساڵیادی کودەتاکەی ساڵی 1332 ی کۆچی هەتاوی کە لە لایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە لە ئێران جێبەجێ کرا./.