بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی ” یسرائیل هیۆم ” لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە لە کاتی واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و ئیمارات، پەیوەندییەکانی نێوانیان کۆمەڵە چالاکییەکی ئابوری و بازرگانیی بە خۆوە بینی.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە سەرەڕای بوونی حاڵەتێکی گومان لە لایەن ئەبوزەبییەوە، تەل ئەبیب هێشتا گەشبینە، تەنانەت کاتێک کە داتا و ئامارەکان باس لە ڕەوتێکی گۆڕانکاری لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو لا دەکەن.
ئاریئل کهانا نووسەری ڕاپۆرتەکەی یسرائیل هیۆم پەیوەندییەکانی نێوان تەل ئەبیب و ئەبوزەبیی بە هاوسەرێک پێناسە کردووە کە پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ، ئێستا گەیشتوونەتە کەلێن و ناکۆکییەکانی پەیوەندییەکانی نێوانیان.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە ڕاستە تەل ئەبیب و ئەبوزەبی ئێستا لە پەیوەندییەکانی خۆیان ڕەزامەندییان هەیە، بەڵام پاش دوو ساڵ، لێکدانەوەی ڕاستەقینەی ئەم پەیوەندییانە پیشان دەدات کە لە ئامانجە سەرەتاییەکان و ئەو ئاسۆیەی بۆی دیاری کراوە دوور کەوتووەتەوە، لە بەر ئەوەی کە سەرەتای پەیوەندییەکان لە سەر بنەمای هاوکاری لە بواری تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو، ئاسایش، وزەی پاک و خاوێن، بواری ئاسمانی و ….. بونیاد نراوە.
شرۆڤەکارە زایۆنیستەکە ڕایگەیاندووە کە زایۆنیستەکان لەو بڕوایەدابوون کە ڕێژەیەکی زۆر لە سەرمایەی ئیماراتییەکان دەگاتە تەل ئەبیب، بە چاوەڕوانی ئەوەش کە ئەبوزەبیش دەستی بە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو دەگات، ئەگەرچی پێشکەوتنی بەرچاو بەدی کرا بەڵام ئێستا ڕوبەڕوی کێشە و دواکەوتن بووەتەوە.
ئاریئل کهانا لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە بازرگانیی نێوان هەر دوو لا زیاتر دەبێت بەڵام زیاتر لە سەدا 60 ی پارە لە تەل ئەبیبەوە دەگاتە ئەبوزەبی نەک پێچەوانەی ئەمە، ئامارەکان باشن، بەڵام بەوەی کە تەل ئەبیب سەرەتا چاوەڕوانیی دەکرد جیاوازیی هەیە.
ناوبراو جەختیکردەوە کە ئامارەکان پیشان دەدەن کە تەنیا یەک ملیار دۆلار لە نێوان ئەبوزەبی و تەل ئەبیب ئاڵوگۆڕ کراوە و زۆربەی ئەمەش لە بازرگانیی ئەڵماسدا بووە کە وەبەرهێنانی نییە و تەنیا لای ئیسرائیلەوە هەناردە دەکرێت.
شرۆڤەکارە زایۆنیستەکە هەروەها ئاماژەی بە واژۆکردنی ڕێکەوتنی بازرگانیی ئازاد داوە و ڕایگەیاندووە کە ڕاستە زیاتر لە 100 پرۆژەی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنانی هاوبەش لە نێوان هەر دوو لادا تۆمار کراوە و ئەمەش ئامارێکی باشە، بەڵام کاتێک هاوبەشێکی ئیماراتیی بۆ نییە، ئەم پرۆژانە جێبەجێ ناکرێن.
ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا لە لایەن میدیا عبرییەکانەوە بڵاو دەبێیەوە کە مانگی ڕابردوو ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی ئیمارات ویستی خۆیی بۆ کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی لە تەل ئەبیب ڕاگەیاند تا لەو ڕێگایەوە ئاسانکاری بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی هاوبەش لە گەڵ بازرگانانی زایۆنیست بکات./.