بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گەشتیاری نێودەوڵەتی ئەو کەسانەن کە سنورە نیشتمانییەکان تێپەڕ دەکەن. جیهانیبوون گەشتیاریی کردووەتە چالاکییەکی جیهانی. ڕێکخراوی گەشتیاریی جیهانی، گەشتیاران بەو کەسانە ناو دەبات کە ناوچە و شوێنی خۆیان بە جێ دێڵن و لە شوێن و ناوچەی دیکە دەمێننەوە. ئەو ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە لە هەر کاتێکدا تا 500 هەزار کەس لە گەشتکردندان، مەبەست ئەوەیە کە ئەو 500 هەزار کەسە لە گەشتی ئاسمانیدان بۆ بەسەرکردنەوەی وڵاتان و ناوچەکانی دیکە.
لە ساڵی 2010، گەشتیاریی نێودەوڵەتی گەیشتە 919 ملیار دۆلار کە بەراورد بە ساڵی 2009 لە سەدا 605 گەشەی هەبووە. لە ساڵی 2010 زیاتر لە 940 ملیۆن گەشتیاری نێودەوڵەتی لە سەرتاسەری جیهان هەبووە. تا ساڵی 2016 ئەم ژمارەیە گەیشتە 1235 ملیۆن کە 1220 ملیار دۆلار تێچووشی هەبووە. قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری بەرچاوی لە سەر گەشتیاریی نێودەوڵەتی هەبووە و ژمارەی گەشتیارانی لە سەر ئاستی جیهان بە شێوازێکی بەرچاو دابەزاند.
زۆربەی وڵاتان بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا، هاتنی گەشتیاریان قەدەغە کرد. ڕێکخراوی گەشتیاریی جیهانی ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی 2020 ژمارەی گەشتیاران لە سەدا 58 تا 78 دابەزینی هەبووە کە بووەتە هۆی لەدەستدانی یەک تریلیۆن و 200 ملیار دۆلار لە داهاتەکانی گەشتیاری.
لە زۆربەی شارەکانی جیهان، سەردان و گەشتە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکان لە سەدا 80 تا 90 دابەزی و زۆربەی شوێنەکانی وەک پارک و مۆزەخانەکان و شوێنە مێژووییەکان داخران. گەشتە ئاسمانییەکان بە هەمان شێوە دابەزینی زۆریان تۆمار کرد. کۆنفرانسی بازرگانی و گەشەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە حوزەیرانی 2021 ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە ئابوریی جیهان زیاتر لە 4 تریلیۆن دۆلاری بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە دەست داوە./.