بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەموو ساڵێک لە مانگی ئەیلول نیۆیۆرک شاندە باڵا سیاسییەکانی وڵاتانی جیهان لە خۆیدا کۆدەکاتەوە کە بە مەبەستی بەشداری لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆبوونەوە لە گەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵاتانی دیکە سەردانی ئەمریکا دەکەن.
کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە لە سێهەم هەفتەی مانگی ئەیلول دەست بە کارەکانی دەکات و سەرکردە سیاسییەکانی جیهان و بە گشتی سەرۆک کۆمارانی ئەم وڵاتانە، بەشداربووانی سەرەکی کۆڕەکەن. کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێک لەو پێنج کۆڵەکە سەرەکییەی پێکهێنەری ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و بە واتایەکی دیکە تەنیا بەشێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە سەرجەم ئەندامەکانی مافێکی یەکسانیان تێیدا هەیە.
ئەم کۆڕە پاش چەند ساڵ بەڕێوەچوونی بە شێوازی ئۆنلاین بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەمساڵ پێشوازی لە سەرکردەی وڵاتانی جیهان دەکات. مێژووی بەڕێوەچوونی کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ 71 ساڵ بەر لە ئێستا و 10 ی کانوونی دووەمی ساڵی 1946 دەگەڕێتەوە، کاتێک کە ئەم کۆڕە بۆ یەکەم جار لە هۆڵی سەرەکی کەنیسەی متدیستی لەندەن و بە بەشداری نوێنەرانی 51 وڵاتی جیهان بەڕێوەچوو. لە سەرەتای پێکهێنانییەوە بڕیار بوو کە کۆڕی گشتی ببێتە شوێنی دەرکردنی بەیاننامەکان و بەڕێوەچوونی وتووێژی جیدی لە سەر چەندین بابەتی گرنگی وەک هەژاری و گەشەپێدان تا ئاشتی و سەقامگیری دابین بکرێت.
بە پێی ڕاگەیاندنی وتەبێژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەکارییەکان بۆ بەشداریی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی پێکردووە.
بۆ تاوتوێکردنی گرنگی بەشداریی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە حەفتا و حەفتەمین کۆڕی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەید ڕەزا سەدرحوسێنی شارەزا و شرۆڤەکاری نێودەوڵەتی وەڵامی چەند پرسیارێکی داوەتەوە.
گرنگی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ نیۆیۆرک و بەشداری لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بە پێی ئەوەی کە ئامادەکارییەکان بۆ بەشداریی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیپێکردووە، دەتوانم بڵێم کە کۆڕی گشتی یەکێک لەو گرنگترین شوێنانەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە زیاتر لە 40 ساڵی ڕابردوو بە باشترین شێواز بابەت و سیاسەتەکانی خۆیی تێدا باس کردووە و بە پێی ئەو کاتەی کە بۆ سەرجەم سەرۆک کۆمارانی وڵاتانی جیهان تەرخان کراوە، بە دڵنیاییەوە بە دەرفەتێکی گرنگ بۆ وڵاتانی جیهان هەژمار دەکرێت.
ئەمریکییەکان هەوڵیان داوە لە چوار دەیەی ڕابردوو بە تۆمەتبارکردنی بێ بنەما کۆماری ئیسلامی ئێران پەراوێز بخەن و خوێندنەوەی ئەوان ئەوە بووە کە دەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران ناگانە گەلانی دیکە بە تایبەت بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان. ئەڵبەت ئەم کۆڕە دەتوانێت زۆربەی پرسە گرنگ و سەرەکییەکانی مەبەستی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک شۆڕشێکی بەربڵاو لە سەرتاسەری جیهان بگەێنێتە زۆربەی گەلانی جیهان و ئێران بەردەوام لەم دەرفەتە باشترین کەڵکی وەرگرتووە.
بۆ بەشداری لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران گرنگە؟
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت لەم سەردانەدا لە گەڵ سەرۆک کۆمارانی وڵاتانی دیکە کۆببێتەوە، هەڵوێستەکانی تاران لەو وڵاتانە نزیک بکرێتەوە و ئەوان گوێبیستی وتاری شۆڕش و کۆماری ئیسلامی بن کە سەردانەکەی نیۆیۆرک لەم گۆشەنیگاوەوە زۆر گرنگە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی دەتوانێت لەم سەردانەدا پرسە گرنگ و بابەتە سەرەکییەکان لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بۆ زۆربەی مرۆڤەکان، چ لە ڕێگای میدیاکانەوە و چ لە ڕێگای وتووێژی لە گەڵ بەرپرسان و کاربەدەستانی ئەو وڵاتانە بگەێنێت و لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین کە دەبێت لەم دەرفەتە بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی کێشە و قەیرانەکانی جیهان کە لە ئیسلام و شۆڕشی ئیسلامیدا چارەسەری عاقڵمەندانەی بۆ هەیە، کەڵک وەربگرین.
ئەو بابەتانە چین کە لەم سەردانەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێراندا گرنگییان هەیە؟
ئاشتی نێودەوڵەتی، فەڵەستین، مافی مرۆڤ، ئەو جیاوازییەی کە لە نێوان باکور و باشور لە ڕووی هەژاری و دەوڵەمەندییەوە هەیە، ئەو کێشانەی کە ئەمڕۆ بەرۆکی جیهانی گرتووەتەوە، بە تایبەت بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بابەتەکانی دیکە، ئەوەی کە ڕەنگە بە هۆی دەستێوەردانەکانی ڕۆژئاواوە شەڕی ئۆکرانیا پەرە بستێنێت، پرسی هەڕەشەی کەمبوونی ئاو لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و هەڵسووکەوتی نەشیاوی وڵاتانی زلهێز لە گەڵ وڵاتانی لاواز لەو بابەتانەیە کە دەتوانێت شوێنی لە وتار و وتووێژەکانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێراندا ببێتەوە.
کێشەی ژینگە بە تایبەت وزە، سزا و گەمارۆ زاڵمانەکانی وڵاتانی زلهێز لە دژی وڵاتانی دیکەش دەتوانێت بابەتێکی گرنگی ئەم سەردانە بێت. خاڵی دیکە ئەوەیە کە سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەراوێزی کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت لە گەڵ سەرۆک کۆمارانی وڵاتانی دیکە بە تایبەت وڵاتانی بەشدار لە ڕێکەوتنی ناوەکی کۆببێتەوە.
بە هەر شێوازێک، ئەم سەردانە دەرفەتێکە بۆ ناساندنی دووبارەی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڵوێستەکانی لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە بە ڕواڵەت لە گەڵ گەلان و گەلی ئێران دۆستایەتییان هەیە و لە پشتەوە خەنجەر لە بەرژەوەندییەکانی ئەم گەلانە و گەلی ئێران دەدەن. کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرفەتێکە کە تێیدا سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت ئەم بابەتانە و هەروەها هەڵوێستە ڕەواکانی وڵات بە تایبەت لە بواری ڕێکەوتنی ناوەکی بە بێ نێوەندگێڕی لە گەڵ سەرۆک کۆمارانی وڵاتانی دیکە باس بکات.
هەر چەندە هەڵوێست و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر لە لایەن وەزارەتی دەرەوە بڵاو بووەتەوە، بەڵام وتووێژی ڕاستەوخۆ دەتوانێت هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێران باشتر و ڕوونتر بەوان ڕابگەێنێت.
ئایا ئەگەری کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمارانی ئیسلامی ئێران و ئەمریکا لە نیۆیۆرک لە ئارادایە؟
کۆبوونەوە لە گەڵ جۆبایدن یان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لە بەرنامەی سەردانی شاندە باڵاکەی ئێران بۆ نیۆیۆرک نییە، لە بەر ئەوەی کە ئەمریکییەکان ئەوەیان سەلماندووە شیاوی ئەمە نین، سیاسەتەکانی واشنتن لە ئاستی نێودەوڵەتی بە تایبەت لە پەیوەندی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران گۆڕانکاریی بە سەردا نەهاتووە و هیچ کۆبوونەوەیەک لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا ناکرێت./.