بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق لە میانەی بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەم وڵاتە وتی: عێراق لە پاش هەڵبژاردنەکان ڕوبەڕوی قەیرانێکی سیاسی کرایەوە کە پێویستی بە چارەسەر و هاوکاریی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانە.
ناوبراو وتی: سەرکردە سیاسییەکان دەبێت لەم قۆناغەدا بۆ وڵات و گەلی خۆیان، واز لە هەندێک داواکاری بێنن، لە بەر ئەوەی کە ئەم کێشە و قەیرانە، کاریگەریی لە سەر حکومەت و دامەزراوەکانی داناوە.
کازمی وتی: سەرەڕای تێپەڕبوونی 28 مانگ بە سەر تەمەنی ئەم حکومەتە، تەنیا بۆ شەش مانگ یاسای بودجە هەبووە، ئێستا لە مانگی 8 ی ساڵی 2022 هێشتا یاسای بودجە بوونی نییە، حکومەت لەم کێشەدا ڕۆڵی نییە بەڵکوو دۆخی سیاسی بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ئەم کێشەیە.
سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق جێبەجێنەکردنی پرۆژەکانی وەک قوتابخانەکان، ڕێگاوبانەکان و ژێرخانی پێویستی عێراقی بۆ نەبوونی ڕێکەوتنی سیاسی لە سەر پێکهێنانی حکومەت یان ڕێگاچارەی دەربازبوون لەم قەیرانە گەڕاندەوە و وتی: وتووێژ تەنیا چارەسەری کێشەکانە بەڵام بەکارهێنانی شێوازی ئاڵۆزیی میدیایی، ئاژاوەگێڕی و بێهیواکردنی خەڵک، بۆ دابینکردنی دیمۆکراسیەتی نوێ، یارمەتیدەری ئێمە نابێت.
کازمی وتی: هاووڵاتیانی عێراقی دەبێت بزانن کە بە هەر ڕۆژێک دواکەوتنی چارەسەرنەکردنی بنبەستی سیاسی، حکومەتیش ڕوبەڕوی کێشە دەبێتەوە و ئەوەی کە گومان دەکات حکومەت هەوڵی ئاڵۆزکردنی دۆخەکە دەدات، تووشی هەڵە بووە./.