بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران شەوی چوارشەممە 10 ی ئابی 2022 لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لە سەر جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بۆ تاران کردەوە و ڕایگەیاند کە ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانش لەم بوارەدا فەرمانی پێویستی داوە و جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنانەش لە پێناو بەرژەوەندییەکانی گەلانی ئێران و تورکیایە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بە ئاماژە بە دانوستانەکانی ئەم دواییەی ڤیەننا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکان وتی: ئێمە پەیامی خۆمان لە ڕێگای وڵاتانی ئەورووپییەوە گەیاندووەتە ئەمریکییەکان و هیوادارین تێڕوانینی ڕاستەقینەکان هەبێت و بە قبووڵکردنی داواکارییە ڕەوا و یاساییەکانی ئێران بەستێنی گەیشتن بە ڕێکەوتن لە سەر دەقی کۆتایی دانوستانەکان دابین بکەن.
مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیاش هیوای خواست کە دانوستانەکانی ڤیەننا لە پێناو دابینکردنی مافەکانی گەلی ئێران و بەرژەوەندی هاوبەشی سەرجەم لایەنەکان لە زووترین کاتدا بگاتە ئەنجام./.