بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شەوی شەممە 6 ی ئابی 2022، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی چەندین جار هێرشیان کردە سەر گەڕەکەی شەعوت لە شاری ڕەفەحی نزیک لە سنورەکانی میسر و بەو هۆیەوە خالید مەنسور و چەندین کەسی دیکە شەهید کران کە تەرمەکانیان لە ڕۆژی دواتر و پاش 8 کاتژمێر لە ژێر داروپەردوی ڕووخاوی خانووەکان دۆزرایەوە، بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی ئەمەیان وەک دەسکەوتێک ناو برد لە بەر ئەوەی کە لە هێرشەکانی پێشوو بۆ سەر کەرتی غەززە لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون ناوبراو شەهید بکەن.
شەهید خالید مەنسور کە لە نێو خەڵکی فەڵەستین بە ئەبو ڕاغب ناسراوە، ماوەیەکی زۆرە پەیوەندیی بە جیهادی ئیسلامی فەڵەستینەوە کرد و پاش بڕینی پلە جۆر بە جۆرەکان بووە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەربازیی ئەم بزوتنەوەیە و کرایە بەرپرسی بەرەی باشوری کەرتی غەززە کە فەوجەکانی ڕەفەح و خان یونس لە خۆ دەگرێت.
ناوبراو لە دامەزرێنەرانی کەتیبەکانی قودس لە کەرتی غەززە بووە و لە زۆربەی هەڵمەتە سەربازییەکانی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی هاوکاریی هەبووە.
خالید مەنسور لە ساڵی 1988 پەیوەندی بە ڕیزەکانی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینەوە کرد و بە چەندین جار لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە هەوڵی تیرۆرکردنی درا و مەترسیدارترینی ئەو پیلانانەی زایۆنیستەکانیش لە ساڵی 2014 بووە.
پاش کشانەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە، خالید مەنسور چەندین ئەرکی گرنگی وەک مەشق ق ڕاهێنان، پڕچەککردن و ئامادەکردنی هێزەکانی خۆڕاگری بۆ هەڵمەتە سەربازییەکانی دەرەوەی سنور لە ئەستۆ گرت.
ناوبراو لە گواستنەوەی چەکی پێویستی هێزەکانی خۆڕاگری ڕۆڵی گرنگی هەبووە و هاوسەنگەری زۆربەی فەرماندە شەهیدەکانی خۆڕاگری بووە.
شەهید خالید مەنسور لە ساڵانی ڕابردووش لە هەوڵی تیرۆری ڕژێمی زایۆنیستی ڕزگاری بوو و بۆ ماوەیەک بەشداریی لە ڕێوڕەسمە گشتییەکاندا نەدەکرد.
ناوبراو ڕۆڵی گرنگی لە پەرەپێدانی توانای مووشەکیی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی و هاوئاهەنگی و هاوکاریی سەربازی و ئەمنی لە نێوان ئەم بزوتنەوەیە و لایەنەکانی دیکەی فەڵەستین بە تایبەت بزوتنەوەی حەماس هەبووە.
تاوانی شەهیدکردنی خالید مەنسور ڕوبەڕوی شەپۆلی ئیدانەکردنی تێکۆشەرانی فەڵەستینی بووەتەوە و بەڵێنی وەڵامدانەوە و تۆڵەسەندنیان داوە./.