بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خالید قەدومی نوێنەری بزوتنەوەی حەماس لە تاران لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ئاژانسی فارس، تیشکی خستە سەر ڕووداوەکانی غەززە و ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین، هاوئاهەنگی گرووپەکانی خۆڕاگری، تێڕوانینی بزوتنەوەی حەماس لە سەر ئەم شەڕە و ڕۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پاڵپشتیکردنی ڕژێمی زایۆنیستی و دەسدرێژییەکانی.
دەقی ئەو چاوپێکەوتنە لە درێژەدا هاتووە:
بە پێی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، هۆکاری دەستپێکردنی ئەم گەڕەی هێرشەکان بە چی دەزانن؟
لە ڕاستیدا دەبێت بوترێت کە داگیرکاری یەکەمین و قورسترین تاوانی ڕژێمی داگیرکارە لە دژی گەلی ئێمە، سەبارەت بە دەسدرێژی و تاوانەکانی هەینی 5 ی ئابی ڕژێمی تەل ئەبیب دەتوانین بە ڕوونی بڵێین کە ئەم دەسدرێژییە لە دوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تاوتوێ دەکرێت. لە ئاستی ناوچەیی ئێمە دەزانین کە تەل ئەبیب کەوتووەتە دۆخی لاوازیی سیاسی و لە پێنجەم هەڵبژاردنی پەرلەمانیی خۆی لە کەمتر لە سێ ساڵ نزیک دەبێتەوە، ئەم لاوازییە بەدەر لە بواری سیاسی لە بواری سەربازیش دەبینرێت، لە بەر ئەوەی کە خۆڕاگریی ئێمە لە کەرتی خۆرئاوا بە تایبەت لە جنین و نابلۆس بە هاوکاری گرووپەکانی حەماس و قەسام لە هێڵی تەماسی ڕژێمی زایۆنیستی نزیک بوونەوە و بەرگرییان لە مزگەوتی ئەقسا و مافە نیشتمانییەکانی خۆیان کرد، ئێستا سەرجەم بەرە و سنورەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ئاڵۆزن و فەڵەستینییەکان شەڕی کەرامەتیان دژ بە زایۆنیستەکان دەستپێکردووە و لە بەرامبەر ئەواندا سەرکەوتنیان بە دەست هێناوە، ئایدۆلۆژیای یان سەرکەوتن یان شەهیدبوون بووەتە هۆی ئەوەی کە تەل ئەبیب دان بە قووڵایی لاوازی و ناسەقامگیری خۆیدا بنێت، ئێستا ڕژێمی زایۆنیستی دەیەوێت بە خوێنڕشتن بۆ خۆی سەرکەوتن بە دەست بێنێت.
لە ئاستی جیهانیش، بەرەی خۆڕاگری سەرکەوتنی زۆری مسۆگەر کردووە و کۆماری ئیسلامی ئێران لە دانوستانەکانی ناوەکی بەرەوپێشچوونی هەبووە، بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان لە باشوری ئەم وڵاتە و تەنانەت لە کێڵگەی گازیی کاریش شکستی دیکەی بە سەر زایۆنیستەکاندا سەپاند. شکستی ئامانجەکانی جۆبایدن لە سەردانەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەبێت لە شکستەکانی تەل ئەبیب زیاد بکرێت، لە بەر ئەوەی کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا شتێکی لە دۆست و هاوپەیمانەکانی دەست نەکەوت. زایۆنیستەکان بە هەڵە وا دەزانن کە بە هێرشی دڕندانە لە دژی گەلی فەڵەستین دەتوانن بە سەرکەوتن بگەن و شکستەکانی ڕابردوو پەردەپۆش بکەن.
هاوئاهەنگی و یەکبوونی گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی تا چەندە کاریگەریی هەبووە؟
لە ساڵی 2014 و کاتێک کە گرووپەکانی خۆڕاگری بڕیاریاندا ژوورێکی عەمەلیاتی هاوبەش بۆ هاوکارییە سەربازییەکان، هاوئاهەنگی سیاسی و تەنانەت لە ئاستی مەیدانیش لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی پێکهێنا، گەلی فەڵەستین لەوەدا سەرکەوت کە دەسکەوتی زۆر بە دەست بێنێت. شەڕی شمشێری قودس گەورەترین و گرنگترین ئەزموونی ئەم هاوبەشییە بوو، تەنانەت ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی ڕۆژئاوا دانیان بەم سەرکەوتنەی خۆڕاگریی فەڵەستیندا نا.
تێڕوانینی بزوتنەوەی حەماس بەرامبەر بەم هێرشانەی ئێستا چییە؟
ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵیدا بەرپرسیاریەتی هێرشەکانی هەینی بخاتە ئەستۆی حەماس و ئێمە لە بەرامبەردا هۆشداریمان بە داگیرکاران دا، ئێستا تەل ئەبیب دەبێت چاوەڕوانی ئەنجام و لێکەوتەکانی شەڕەکەی لە گەڵ ئێمە بێت و بزانێت کە هەر هێرشێک تێچوویەکی دەبێت، ئێستا تەواوی جیهان دەزانێت کە بەرپرسیاریەتی هێرشەکان لە ئەستۆی ڕژێمی زایۆنیستییە و دەبێت ئەوەش بزانێت ئەستەمە هێرشەکان بێ وەڵام بمێنێتەوە، ئێمە وەک بزوتنەوەی حەماس جەخت لەوە دەکەینەوە کە گەلی فەڵەستین لە بەرامبەر وەها تاوانێک، دەستەوەستان نابێت و تەل ئەبیب دەبێت وەڵامی گونجاوی وەربگرێت.
ئەوە بینراوە کە ڕژێمی زایۆنیستی لە پاش سەردانی هەر گەورە بەرپرسێکی ئەمریکا بۆ ناوچەکە هێرش دەکاتە سەر گەلی فەڵەستین، هۆکاری ئەمە بە چی دەزانن؟
بەداخەوە دەبێت ئەوە بڵێین کە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم تاوانانە هاوکاریی ئەمریکییەکانە. وەزیری شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاگاداری هێرشەکانە و بەرگری لە ئیسرائیل دەکات. ئەمریکییەکانیش دەڵێن کە ئیسرائیل مافی بەرگریی لە خۆی هەیە، ئەویش بە کوشتن و بریندارکردنی ژن و منداڵی بێ تاوانی فەڵەستینی.
بە پێی ئەوەی کە حەماس کەرەستە و چەکی پێشکەوتووتری بەراورد بە گرووپەکانی دیکەی فەڵەستین هەیە، چۆن بۆ ڕێگری لەم هێرشانە بەکاری دێنێت؟
شەڕ و ململانێ نێودەوڵەتییەکان، وەک ئەوەی ئۆکرانیا، ئاڵۆزییەکانی تایوان، هەموو ئەمانە ئەنجامی سیاسەتی ئەمریکایە و بەداخەوە وایکردووە کە پرسی فەڵەستین وەک پرسێکی گرنگی نێودەوڵەتی نەمێنێتەوە، بەدەر لە ئەمریکا، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بێدەنگن. ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە وەک خۆڕاگری نیشتمانیی فەڵەستین هەموو کات ئامادەیی ئەوەمان هەیە لە بەرامبەر زایۆنیستەکان ڕابوەستین، شەڕی شمشێری قودس سەرەتای ڕێگایەکی دوور و درێژ و دڵنیاکەرەوەیە بۆ ئازادیی فەڵەستین و پێکهێنانی سوپای قودس. هەم ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی تاوانەکانی دەبێت تێچووەکەی ببینێت و هەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش دەبێت تێچووی بێدەنگیی خۆیان بدەن، خۆڕاگریی فەڵەستین بە هەموو هێزێکەوە لە پێناو مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی فەڵەستین وەستاوە./.