بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین، وتی: بە پێی ڕێنماییەکانی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) و جەختکردنەوەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئامانج و ستراتیژی ئێمە ئازادکردنی قودسی پیرۆز و گەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستینە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانی.
فەریق سەلامی وتی: ڕەوتی گۆڕانکارییەکان لە فەڵەستینی داگیرکراو و دابەزینی ئاستی توانای زایۆنیستەکان کە بەرەو لاوازبوون و لەناوچوون دەڕوات، ڕێگایەکی بێ گەڕانەوەیە و بە یارمەتی خودای گەورە قودس ئازاد دەبێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ئاستی توانای گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین، وتی: هێزی ئەمڕۆی خۆڕاگریی فەڵەستین بەراورد بە ڕابردوو گۆڕانکاری زۆری بە سەردا هاتووە و بەو توانایە پیشان دەدات کە توانای ئیدارەدانی شەڕە گەورەکانی هەیە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران وتی: ئەمڕۆ بەرپرسە باڵا و ڕەگەزپەرستەکانی زایۆنیست وەک باراک، بنێت و نتانیاهۆ دان بەوەدا دەنێن کە ڕژێمی زایۆنیستی لاواز بووە و بەرەو لەناوچوون دەڕوات و تەل ئەبیب بە هۆی بێهیوایی لە هێزی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئەم ڕژێمە، بەرەو هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی دەڕوات تا بتوانێت خۆی بەهێز بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم ستراتیژەش سوودی نییە.
وتیشی کە بەهێزبوونی خۆڕاگری وایکردووە زایۆنیستەکان لە ڕووی دەروونییەوە پاشەکشە بکەن و دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکان دیسانەوە ڕوو لە کۆچکردن بەرەو وڵاتانی دیکە بکەن و بەڵگە و ڕاستییەکانیش پیشان دەدات کە زایۆنیستەکان لە ناوخۆوە بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕۆن و ڕەنگە بۆ ڕووخانی ئەم ڕژێمە خۆڕاگریی فەڵەستین پێویستی بە شەڕ نەبێت.
سەلامی ئازادی قودس و سەرکەوتنی گەلی فەڵەستینی بە ئامانج و ستراتیژی دامەزرێنەری گەورە و ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ناو برد و وتی کە لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە فەڵەستینیترین و درێژە بەم ڕێگایەش دەدەین.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە توندی ئیدانەی تاوان و هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی بۆ سەر کەرتی غەززە کرد و وتی: بێگومان وەڵامی خێرای خۆڕاگری ئیسلامی فەڵەستین بەم تاوانە پیشان دەدات کە وەرزێکی نوێی بەهێزبوونی خۆڕاگری هاتووەتە پێشەوە و زایۆنیستەکان بۆ ئەم تاوانەیان باجێکی قورس دەدەن./.