بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لایەنە سیاسییەکان و شرۆڤەکارانی عێراق ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە بەردەوامی شەڕی دەسەڵات، خۆپێشاندان و هەڵکوتانە سەر ناوچەی سەوز، ئەو هۆکارانەن کە لە بەرژەوەندی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری ئەم وڵاتەدان و تا کاتێکی نادیار ناوبراو لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە.
ڕەسوڵ ڕازی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە کازمی هەوڵی مانەوە لە دەسەڵات و کۆنتڕۆڵکردنی حکومەت دەدات، سەرەڕای ئەمەش، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش پاڵپشتی لەو دەکەن و مانەوەی لە دەسەڵات دەستەبەر دەکەن و لەم پێناوەدا گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵکردووە بەو شێوازەی کە هێزی ئەوە لە خۆیدا دەبینێت وڵات بەرەو ئاڵۆزی ببات.
لە لایەکی دیکەوە، مەحمود حەیانی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق وتی کە ئەم ئاڵۆزییە سیاسییە ئەنجامی ئەم کات و دۆخە نییە بەڵام تا کاتی چارەسەرکردنی قەیرانەکە، حکومەت و دەسەڵات لای مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر دەمێنێتەوە.
فازل مەوات ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وتی کە کازمی پاش واژۆکردنی چەند ڕێکەوتن لە گەڵ ئیمارات و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس، پاڵپشتی دەرەکیی وەرگرت و لە ئێستادا بەدەر لەو پاڵپشتییە ناوخۆییە، لە دەرەوەش پاڵپشتی دەکرێت لە لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە و وڵات بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ببات.
زینەت موسەوی ئەندامی فراکسیۆنی سادقون لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە چەند لایەنێکی دەرەکی لە پێناو بەرژەوندییەکانی خۆیان پاڵپشتی لە مانەوەی مستەفا کازمی لە دەسەڵاتدا دەکەن.
شرۆڤەکارانی سیاسی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ڕایانگەیاندووە کە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان هەوڵی مانەوەی کازمی لە دەسەڵاتدا دەدەن تا بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەتی نوێ نەڕۆن، کازمی لە پشتەوەی ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی ناوچەی سەوزە و بۆ ئەوەی کە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە پلانێکی جێبەجێکرد کە پێشتر ئامادە کرابوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە مستەفا کازمی سەبارەت بە ویستی مانەوەی لە پۆستەکەی بێدەنگیی هەڵبژاردووە بەڵام هێمای ئەوە دەرکەوتووە کە خوازیارە حکومەتەکەی درێژەی هەبێت، بابەتێک کە لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە دژایەتی دەکرێت لە بەر ئەوەی کە سەردەمی سەرۆکایەتی ناوبراو پڕ بووە لە کێشە و قەیرانەکان و کارنامەیەکی ئەوتۆی نییە کە بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی شێعەکان پاش دە مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی عێراق، محەممەد شیاع سودانیی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەتی نوێ کاندید کرد بەڵام ئاژاوەگێڕیی سەدرییەکان کێشە و قەیرانە سیاسییەکەی عێراقی زیاتر کرد و سەرۆکی ڕەوتی سەدر داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی کردووە، ئەمەش پێویستی بە ڕەزامەندی لایەنەکانی دیکە هەیە و نابێت بڕیاری عێراق بە تەنیا لای سەدر بێت و ناوبراو هەر کات بە ویستی خۆی یاری بەوانەوە بکات./.