بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆژی پێنج شەممە 4 ی ئاب ی 2022 لە چاوپێکەوتنی زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین، خۆڕاگریی بە سەرکەوتووی کۆتایی شەڕی دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی ناو برد و وتی کە خۆڕاگری ئەمڕۆ بووەتە ئایدۆلۆژیایەک کە بەرگریی لێدەکرێت و لە گۆڕەپانی کردەوەش ئەنجامی هەبووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین، وتی: نە ڕێکەوتنەکانی بە ناو ئاشتی، بەڵکوو ڕێگای ڕووناکی خۆڕاگری لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە دوژمن تووشی شکست بکات و لایەنگرانی بەرەی خۆڕاگری لە جیهاندا هیوادارتر بکات.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بە ئاماژە بە هەوڵەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە، وتی: خوێندنەوەی ڕژێمی زایۆنیستی ئەوە بوو کە بە ئاساییکردنەوە و هەبوونی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەم وڵاتانە دەتوانێت ئاسایشی خۆی دابین بکات، لە کاتێکدا کە ئەو هەنگاوانە بە هیچ شێوازێک بۆ زایۆنیستەکان ئاسایش دابین ناکات، لە بەر ئەوەی کە ئەو ڕژێمە هیچ ناسینەوە و خوێندنەوەیەکی درووستی لە ناوچەکە و داهاتووی گۆڕانکارییەکانی نییە.
ناوبراو پاڵپشتی لە گەل و خۆڕاگری فەڵەستینی بە سیاسەتی نەگۆڕی کۆماری ئیسلامی ئێران ناو برد و وتی کە لە مسۆگەربوونی خۆڕاگریی فەڵەستین و ئازادیی قودسی پیرۆز کە هیوای شەهید سولێمانی و سەرجەم شەهیدانی خۆڕاگرییە، هیچ گومانێک نییە.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینیش لەو چاوپێکەوتنەدا وتی کە ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ئامادەبوونی بەهێزی لە ناوچەکە و جیهان هەیە و گومان لەوەدا نییە کە تێڕوانینی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە و خۆڕاگری لە بەرامبەر دوژمنان، لەم بوارەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە./.