بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی فەڵەستین کە سەردانی تارانی کردووە لە گەڵ کەمال خەڕازی سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتیژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبووە.
خەڕازی لەو کۆبوونەوەدا ڕژێمی زایۆنیستیی بە ڕەگەزپەرست ناو برد و وتی کە چارەنووسی ڕژێمی وەها تەنیا شکست و ڕووخانە.
ناوبراو پاڵپشتیی لە خۆڕاگریی گەلی فەڵەستین بە بەشێک لە ستراتیژی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ناو برد و وتی: ئەمڕۆ ڕژێمی زایۆنیستی لە لایەن خۆڕاگرییەوە گەمارۆ دراوە و ئاشکرایە کە زایۆنیستەکان چەندە نیگەرانی مانەوەی خۆیانن.
کەمال خەڕازی جەختی لە سەر بەهێزبوونی بەردەوامی کۆماری ئیسلامی ئێران و خۆڕاگریی ئیسلامی لە ناوچەکە کردەوە و وتی: ئەوەی کە ئەمڕۆ وەک ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێکی عەرەبی و ڕژێمی زایۆنیستی باس دەکرێت تەنیا ئاشکرا بوونی پەیوەندییەکانە لە بەر ئەوەی کە ئەو وڵاتانە پێشتر بە نهێنی پەیوەندییان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی هەبووە.
سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتیژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکای بۆ ناوچەکە بە سەردانێکی بێ دەسکەوت ناو برد و بە ئاماژە بە هەوڵەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ پڕوپاگەندە سەبارەت بەو سەردانە، وتی کە ئەم دۆخە پیشان دەدات کە ڕژێمی زایۆنیستی تا چەندە گیرۆدەی کێشە ناوخۆییەکانە.
هەر لەو کۆبوونەوەدا زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی ستایشی هاوکاری و پاڵپشتی بەردەوامی کۆماری ئیسلامیی لە خۆڕاگری و ئامانجی گەلی فەڵەستین کرد و دڵنیایی ئەوەیدا کە بە یارمەتی خودای گەورە، هێزەکانی خۆڕاگری لە سەرتاسەری ناوچەکە سەرکەوتنی کۆتایی لە بەرانبەر ڕژێمی زایۆنیستی بە دەست دێنن./.