بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتێکدا کە ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەفغانستان هەواڵی هەڵهاتنی وەزیری ناوخۆی تاڵیبانی لە پاش تیرۆری ئەیمەن زەواهیری بڵاو کردووەتەوە، سراجەدین حەقانی دوو ڕۆژ پێش کوژرانی سەرکردەی ڕێکخراوی قاعیدە بە میدیایەکی هیندیی ڕاگەیاندبوو کە ئەو ڕێکخراوە لە ئەفغانستاندا بوونی نییە.
حەقانی لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن 18 ی هیندستان کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاو بووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە قاعیدە هێزی سەربازیی لە ئەفغانستاندا نییە و هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ناوچەکە و جیهان نییە.
وەزیری ناوخۆی تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە ئەم گرووپە سەبارەت بە داعش پابەندی بەڵێنەکانی خۆیە و هەنگاوەی کرداریشی بۆ ئەمە ناوە بەڵام سەبارەت بە قاعیدە، ئەو ڕێکخراوە لە ئەفغانستان بوونی نییە و چیدی بە هەڕەشە لە سەر ناوچەکە و جیهان دانانرێت.
حەقانی وتی کە پەیامی ئێمە بۆ جیهان ئەوەیە کە هێزێکی تیرۆریستی لە ئەفغانستان بوونی نییە و موڵەتی ئەوە نادەین وڵاتی ئێمە ببێتە شوێنی چالاکی تیرۆریستان و هێزە ئەمنییەکانی ئێمە ئەو موڵەتە بە تیرۆریستان نادەن./.