بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان لێدوانێکی زەمیر کابوڵۆف نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیای بۆ کاروباری ئەفغانستان سەبارەت بە زیاتربوونی ژمارەی تیرۆریستانی داعش لەم وڵاتە ڕەتکردەوە.
موجاهید لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە زیاتربوونی ژمارەی تیرۆریستانی داعش لە ئەفغانستان نادرووستە و ئەم لێدوانەش بانگەشەیە بۆ تیرۆریستانی داعش کە نابێت دووبارە ببێتەوە.
ناوبراو وتی کە خەڵک و حکومەتی تاڵیبان موڵەتی ئەوە نادەن داعش ئەفغانستان وەک بنکەیەک بەکار بێنێت.
وتەبێژی تاڵیبان وتی کە داعش لە ئەفغانستان شکستی هێناوە و بەرەو لەناوچوون دەڕوات.
نێردەی تایبەتی ڕووسیا بۆ کاروباری ئەفغانستان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە کاتی بە دەسەڵات گەیشتنی تاڵیبان لەم وڵاتە، ژمارەی تیرۆریستانی داعش سێ هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی شەش هەزار تیرۆریست./.