بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرەڕای داواکاری سیئول لە پیۆنگ یانگ بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەکانی ئاشتی و دابەزاندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە نیمچە دوورگەی کۆریا، حکومەتی کۆریای باکور هەڕەشەی لە دراوسێی باشوری خۆی کرد.
میدیای حکومیی کۆریای باکور ئەمڕۆ پێنج شەممە لە سەر زاری کیم جونگ ئون سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە ئەگەر کۆریای باشور دەست بۆ هەنگاوی مەترسیداری سەربازی ببات، حکومەت و سوپاکەی بە تەواوی لە ناو دەبرێن.
سەرۆکی کۆریای باکور هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەیی بۆ شەڕی سەربازی لە دژی ئەمریکا ڕاگەیاند.
کیم لە وتارەکەیدا وتی: ئەگەر ڕژێمی کۆریای باشور بیر لە هێرشی سەربازی لە دژی ئێمە بکاتەوەە و لەو بڕوایەدا بن کە دەتوانن بەشێک لە هێزی سەربازیی ئێمە لە ناو ببەن، تووشی هەڵەیەکی گەورە دەبن.
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکور وێڕای تۆمەتبارکردنی ئەمریکا بە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی ناتۆی ئاسیایی، جەختی لە سەر پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە بەرامبەر ئەمریکا کردەوە./.