بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ شێخ عەبدوڵڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، سەبارەت بە ڕەوتی گەشەسەندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چەندین پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بیر و ڕای ئاڵوگۆڕ کرد.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە تێڕوانینی ئەرێنیی بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات لە سەر پەیوەندییەکانی نێوانیان، پێشوازیی لە بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان کرد و بە هەنگاوێکی گرنگ لە ڕەوتی گەشەسەندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان ناوی برد.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بوونی ڕژێمی زایۆنیستیی بە هۆکاری ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە ناو برد و وتی: ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵیدا کۆبوونەوەی جەدە بکاتە سەرچاوەیەکی قەیران بۆ ناوچەکە بەڵام بە تێگەیشتوویی وڵاتانی بەشداری ناوچەکە، پرسی هاوکاری ناوچەیی، پێشکەوتن و ئاسایش جەختی لە سەر کرایەوە.
ناوبراو سەبارەت بە دانوستانەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکانیش وتی کە یەکێتی ئەورووپا هەوڵ دەدات دانوستانەکان بگاتە ئەنجام و ئێمەش ئامادەی ئەوەین ڕێکەوتنێکی باش و بەردەوام بکرێت.
شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئالی نهیان وەزیری دەرەوەی ئیماراتیش لەو وتووێژەدا بە ئاماژە بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەر دوو وڵات لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان، بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتییە سیاسییەکانی بە ئامرازی گەیشتن بەو ئامانجە و پتەوکردنی برایەتی نێوان هەر دوو گەلی ئێران و ئیمارات ناو برد.
وەزیری دەرەوەی ئیمارات وتی: گومان لەوەدا نییە نەک تەنیا دەتوانین گەرمی پەیوەندییەکانمان بگەڕێنینەوە بەڵکوو ئاسۆی نوێش بە ڕووی پەیوەندییەکانماندا بکەینەوە.
وتیشی کە دەرفەتی زۆری ئابوری بۆ هەر دوو وڵات دابین کراوە کە دەتوانین بە باشترین شێواز کەڵکی لێ وەربگرین، هەروەها بۆ ئێمە ئاشتی و سەقامگیری و خێر و بەختەوەری بۆ ئێران وەک وڵاتی برا و دراوسێ گرنگە./.