بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەیسەم خزعەلی شرۆڤەکاری عێراقی جەختیکردەوە کە بێدەنگیی حکومەتی ئێستای عێراق و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر دەسدرێژییەکانی تورکیا بۆ ئامانجی سیاسی و ڕەزامەندی ئەنکەرەیە.
ناوبراو وتی کە تورکیا چاوی بڕیوەتە سەر ناوچەکانی باکوری عێراق و بوونی پەکەکەی کردووەتە بیانووی دەسدرێژی و داگیرکارییەکانی خۆی.
خزعەلی وتی کە تورکیا سێ ئامانجی لەم سیاسەتە سەربازییەی هەیە. یەکەم: زاڵبوون بە سەر کێڵگە گازییەکانی ناوچەی سلێمانی، بە تایبەت ئەوەی کە ئەورووپا پێویستی بەو گازە هەیە و تورکیا و ئیمارات کێبڕکێی وەبەرهێنان لەو کێڵگەیەدا دەکەن، لێکۆڵینەوەکان ئەوەشیان سەلماندووە کە تورکیا کێڵگەی گازی چەمچەماڵ و شوێنی کارکردنی دانا گازی ئیماراتی بۆردومان کرد. دووەم: هەوڵدان بۆ گەیشتن بە سەرچاوەکانی وزە لە کەرکوک و موسڵ کە ئەمەش لە لایەن تورکەکانەوە وەک ستراتیژێکی نیشتمانی بۆ زاڵبوونی دووبارەی تورکیا بە سەر موسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری بە کوردستانیشەوە دادەنرێت. سێهەم: زاڵبوون بە سەر ناوچەی شەنگال کە لە پرۆژەی ڕێگای ئاورێشم گرنگییەکی ژئۆپۆلتیکیی هەیە.
ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە سەبارەت بە بێدەنگیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر ئەم تاوان و دەسدرێژییەی تورکیا، وتی: پارتی دیمۆکراتی کوردستان بۆ گەیشتن بە پۆستی سەرۆک کۆمار پێویستی بە پاڵپشتی تورکیا هەیە و لە ڕووی ئابوری و ئەمنیشەوە تورکیا شوێنپێی خۆیی لە هەرێمی کوردستان بەهێز کردووە./.