بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش ئەوەی کە ڕووسیا، ئۆکرانیا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا هەینی ڕابردوو ڕێکەوتنێکیان بۆ هەناردەی دانەوێڵە، مادە خۆراکییەکان و پەینی کیمیایی لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە واژۆ کرد، یۆری واسکۆف جێگری وەزیری ژێرخانەکانی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە کیێڤ ویستی ئەوەی هەیە تا نزیکەی 3 ملیۆن تەن گەنم و بەرهەمەکانی دیکەی کشتووکاڵی لە هەر مانگێکدا لە ڕێگای بەندەرەکانی دەریای ڕەشەوە هەناردەی دەرەوە بکات.
ناوبراو وتی: ئەگەر ئێمە سەبارەت بە ڕێژە قسە دەکەین، ئەم ڕێژەیە دەتوانێت 3 ملیۆن تەن یان زیاتر لە مانگێکدا بێت، ئێمە بەرە بەرە هەناردەی دەکەین و تا چەند هەفتەی داهاتوو بە دیاریکراوی دەتوانین لە سەر ڕێژەی ئەو هەناردەیە قسە بکەین، بەڵام دەبینم کە 3 ملیۆن تەن یان زیاتر دەتوانین هەناردە بکەین.
ئەو بەرپرسەی ئۆکرانیا هەروەها لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا وتی کە یەکەم کەشتی هەڵگری دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم وڵاتە بە جێ دێڵێت و لە هەمان کاتدا هەر سێ بەندەری ئۆدسا، چرنومورسک و یۆژنی لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوو دەست بە چالاکی دەکەنەوە.
هێزی دەریایی و یەکەی تایبەتی ئۆکرانیا پاسەوانی کەشتییەکان دەکەن کە نەچنە ئەو شوێنانەی لە دەریاکان مینڕێژ کراوە.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک بەشێک لەو ڕێکەوتنە بەڵێنی داوە تا بەربەستەکانی بەردەم هەناردەی مادە خۆراکییەکان و پەینی کیمیایی ڕووسیا کە لە ئێستادا لە بەندەرەکانی ئەم وڵاتە بە هۆی گەمارۆ و سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە ڕاگیراون، چارەسەر بکات.
هەناردەی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەش بە هۆی شەڕی ڕووسیاوە ڕاگیراوە. ئۆکرانیا پێنجەم وەبەرهێنەری گەورەی دانەوێڵەی جیهانە.
هەینی ڕابردوو ئەو ڕێکەوتنە بە ئامادەبوونی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و ئەنتۆنیۆ گۆترش ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە لایەن وەزیری بەرگری ڕووسیا و وەزیری ژێرخانەکانی ئۆکرانیاوە واژۆ کراوە. تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی نێوەندگێڕیان هەیە و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە دەستەبەر دەکەن.
ئۆکرانیا یەکێک لە گەورە وەبەرهێنەرەکانی دانەوێڵەی جیهانە کە بە هۆی شەڕی ڕووسیاوە ناتوانێت بەرهەمەکانی هەناردە بکات و لە ئێستادا 25 تا 30 ملیۆن تەن گەنم و دانەوێڵەی دیکەی ئەو وڵاتە لە بەندەرەکانی کۆکراونەتەوە.
ڕووسیا و ئۆکرانیا نزیکەی یەک لە سەر سێی گەنمی جیهانیان هەیە، لە کاتێکدا کە ڕووسیا هەناردەکاری سەرەکیی پەینی کیمیایی و ئۆکرانیا هەناردەی گەورەی گەنمەشامی و زەیتی گوڵەبەڕۆژەیە لە جیهاندا.
دەیڤید بیزلی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەی جیهانیی خۆراکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە 49 ملیۆن کەس لە 43 وڵاتی جیهان هەڕەشەی قاتوقوڕییان لە سەرە./.