جەلال ئەحمەد لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: ئەمریکا شەڕی دابینکردن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات بەڵام لە بەر ئەوەی کە ئامانجەکانی تەنیا مادییە و تەنیا خۆیی مەبەستە، دەرەنجامی ئەو سیاسەتەی لە ئاستی دەرەوە بەدەر لە گەیاندنی زیانی مادی بەم وڵاتە، کارەسات و ماڵوێرانیی بۆ گەلانی دیکەش بە دواوە بووە.
ناوبراو شەڕی ئەفغانستانی بە نموونە هێنایەوە و وتی: بە وتەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەو شەڕە تێچوویەکی زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلاریی بۆ ئەمریکا هەبووە، لە ئەنجامدا بەدەر لە شکستی گەورەی سەربازیی واشنتن و ڕژێمە دەستکردەکەی لە ئەفغانستان، وڵاتێکی ڕووخاو و گەلێکی هەژاری بە جێهێشت، لە کاتێکدا بەو بودجەیە بۆ سەدەیەک وڵاتێکی وەک ئەفغانستان لە هەژاری و دواکەوتوویی ڕزگاری دەبوو.
جەلال ئەحمەد وتی: یەکێک لە گرفتە گەورەکانی ئەمریکا ئەوەیە کە بەرژەوەندییەکانی بەسراوەتەوە بە ناوچەیەکەوە کە کێشەیەکی مرۆڤی، ئائینی، ئەخلاقی و یاسایی تێدایە، ئەویش کێشەی فەڵەستین و ڕژێمی زایۆنیستییە و پاڵپشتی بەردەوامی واشنتن بۆ زایۆنیستەکان بووەتە ئابڕوچوونێکی گەورە بۆ دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی و ڕواڵەتێکی ناشیرینی لە ڕوانگەی گەلانی ناوچەکەوە بە ئەمریکا بەخشیوە.
ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی هاوپەیمانی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێکی ناوچەکە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: سازشت و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی لە بەر ئەوەی لە ڕووی لاوازی و لە ژێر گوشار و بە ئامانجی بەردەوامبوونە لە دەسەڵات، بووەتە جێی ڕەخنە و ئیدانەکردنی بەرفراوانی ڕای گشتی و زۆربەی لایەنەکانی ئەو وڵاتانە و ناوچەکە.
وتیشی کە دەستێوەردانی بێگانەکان لە ناوچەکە بە دوو هۆکارە، یەکەم، چاوی وڵاتانی بێگانە لە سەر خێر و سەرچاوە سرووشتییەکانی ناوچەکەیە و لە پێناو دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئامادەی هەر کارێکی نامرۆڤانە و پیلانگێڕییەکن. دووەم، پێویستی ڕژێمە گەندەڵ و خۆسەپێنەکانی ناوچەکەیە بە لایەنێکی دەرەکی بۆ پاراستن و بەرگری لەوان لە پێناو مانەوەیان لە دەسەڵات و ئامادەییان بۆ هەڕاجکردنی وڵات لە بەردەستی بێگانەکان بە مەرجی دابینکردنی ئەو پارێزگارییە.
جەلال ئەحمەد لە کۆتاییدا جەختیکردەوە کە تا ئەو کاتەی گەلانی ناوچەکە ئازادی بە دەست نەهێنن و ئازادانە دەسەڵاتی دادپەروەر و نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان نەکەنە دەسەڵاتداری وڵات، ئەم تراژدیایەی ستەم و ژان و خوێنە هەر بەردەوام دەبێت و ئاشتی و ئاسایش و ئۆقرەیی تەنیا ئاوات و خۆزگە دەبێت و پێویستی بە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد