سۆران عومەر، نوێنەری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە هێرشەکەی زاخۆ، وتی: ئەوەی کە لە زاخۆ ڕوویدا و ژمارەیەک گەشتیاری عێراقیی کردە قوربانی، تاوانێکی نێودەوڵەتی و کۆمەڵکوژییە و هۆکاری ئەم کۆمەڵکوژییەش بۆ بێ هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و ڕێکەوتنی ژێربەژێریان لە گەڵ حکومەتی تورکیا دەگەڕێتەوە.
ناوبراو وتی: بە پێی دوایین ڕاپۆرتی تیمی عێراقیی ڕێکخراوی CPT لە ئابی ساڵی 2015 تا ئێستا بە بۆردومان و هێرشەکانی تورکیا 138 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون، دەیان کەسیش بریندار و کەمئەندام بوون، سەدان گوند چۆڵکراوە و خەڵکەکانی ئاوارە بوون.
سۆران عومەر وتی: بێ هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق و هەبوونی ڕێکەوتنی نهێنی و ئاشکرا هۆکاری ئەم کارەساتە بەردەوامانەن کە لە ناوچە سنورییەکان ڕوو دەدات بە بیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتی: تورکیا چەندین ساڵە سەروەری خاکی هەرێم و عێراقی بەزاندووە و بە هەزاران سەربازی بە هەموو جۆرە چەکێکەوە لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان جێگیر کردووە و زیاتر لە 30 بنکەی سەربازی و هەواڵگریی لە ناو خاکی هەرێمدا هەیە.
ناوبراو سەبارەت بە چۆنیەتی ڕێگریکردن لە دووبارەکردنەوەی بۆردومانەکان و تاوانەکانی تورکیا، وتی: پێویستە هەموو ڕێکەوتنێکی ئەمنی نهێنی و ئاشکرا هەڵبوەشێنرێتەوە و کۆتایی بە چاوساغی و سیخوڕیی کەسی و دامەزراوەی ئەمنی بۆ وەها دەوڵەتێک بهێندرێت، بە یاسا دەبێت ئەو جۆرە هاوکارییانە لە گەڵ تورکیا قەدەغە بکرێت، هەروەها پێویستە پێداچوونەوە بە ڕێکەوتنی 50 ساڵەی هەرێم و 75 ساڵەی عێراق لە گەڵ تورکیا بکرێت، دەبێت کۆنسووڵخانەکان و باڵیۆزخانەی تورکیا دابخرێت و چیتر خوێنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق هێڵی سوور بێت.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد