بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وانگ ونبین لە وتەبێژانی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی کە هێزەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە نەوتی سوریایان بە قاچاخ بردووە و ئەمەش دزییەکی نێودەوڵەتییە.
ناوبراو وتی: تاڵانکردنی سەرچاوەکانی سوریا لە لایەن سوپای ئەمریکاوە قەیرانی مرۆڤیی زیاتر کردووە، زۆربەی دانیشتووانی سوریا ڕایانگەیاندووە کە ئەمریکا بۆ مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی هاتووە و پاش ئەوە سوریا بە جێ دێڵێت، ئەوان دەڵێن کە بوونی ئەمریکا لە سوریا چەشنێک تیرۆرە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی: ئەمریکا بانگەشەی لایەنگری لە مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا دەکات بەڵام ئەوەی کە لە سوریا کردوویەتی، بەڵگەیەکی ڕوونە و پیشان دەدات کە ئەمریکا لەم دوو بوارەشدا کارنامەیەکی قبووڵکراوی نییە، واشنتن دەبێت ڕێز لە سەروەری سوریا بگرێت، وەڵامی خەڵکی ئەم وڵاتە بداتەوە، گەمارۆ تاکلایانەکانی سەر سوریا ڕابگرێت، واز لە تاڵانکردنی سەرچاوەکانی بێنێت و هەنگاوی ڕاستەقینە بۆ قەرەبووی ئەو زیانانەی بە خەڵکی سوریای گەیاندووە هەڵبگرێت./.