بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا ڕەمەزان شەریف لە ڕێوڕەسمێکی ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی پارێزگای قەزوێن بە ئاماژە بە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: بایدن لە سەردانەکەیدا هێندە قسەی بێ ناوەڕۆکی کرد کە بووە هۆی گاڵتەجاڕیی وڵاتانی جیهان، لە بەر ئەوەی کە وڵاتانی جیهان بە گشتی لەم 43 ساڵەدا توانای کۆماری ئیسلامی ئێران و لاوازییەکانی ئەمریکایان لە ناوچەکە بینیوە.
ناوبراو وتی: ئەمە بەرەکەتی خوێنی شەهیدانە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە چل و سێهەمین ساڵیادی خۆیدا هێندە هێز و کاریگەریی لە سەر ئاستی ناوچەکە و جیهان هەیە، دوژمنان بە هەموو هێزێکی میدیاییەوە هەوڵ دەدەن کۆماری ئیسلامی ئێران بە ناسەرکەوتوو پیشان بدەن بەڵام ئەوانەی بە ویژدانەوە سەیری ڕاستییەکان دەکەن، دەزانن کە هێز و دەسەڵات و کاریگەریی ئێران چۆنە.
وتەبێژی سوپای پاسداران وتی: زایۆنیستەکان هەندێک کات بە شڵەژاوییەوە دێنە قسە و دەڵێن ئێمە بژاردەی سەربازیمان لە سەر مێزە، دەبێت لە وەڵامی ئەواندا بڵێین کە گەورەتر و بەهێزتر لە ئێوە، ئەمریکا و یەکێتی سۆڤییەت بوو کە سەرجەم تواناکانیان ڕادەستی ڕژێمی بەعس برد بەڵام لە ڕووی سەربازییەوە شکستمان بە هەمووی هێنا.
لیوا ڕەمەزان شەریف بەرامبەر بە دوژمنانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: ئێوە پێکهێنەری قاعیدە و داعشن، بەڵام ئێران بە ڕێبەرایەتی حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی و ئازایەتی شەهیدانی وەک حاجی قاسم سولێمانی ئەو پیلانانەیان ڕوبەڕوی شکستی گەورە کردەوە.
ناوبراو وتی: زایۆنیستەکان زۆر هەوڵ دەدەن هەڕەشە لە کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن بەڵام لێرەوە بە ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی ڕادەگەێنین کە ئەگەر تووشی هەر هەڵەیەک بن، وانەیەکی وەها وەردەگرن کە بۆ هەمیشە ئەو 27 هەزار کیلۆمەترەی داگیریان کردووە، لە دەستی دەدەن و لەم هەڕەشەیەش هیچ گومانێک نەکەن./.