ئەنوەر ئەبوبەکر جاف لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە سەردانەکەی ئەم دواییەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، وتی: ئەو سەردانە تەنیا لە پێناو مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی ئەمریکادا بووە، ئەگەرچی بە ڕواڵەت و ڕووکەشی پرۆتۆکۆلی سۆز و پشتگیری بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەلانی جیاجیا لە ژێر کۆمەڵێک پرەنسیپ و درووشمی مرۆڤایەتیدا دەردەبڕێت.
ناوبراو وتی: یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو سەردانە ئەوە بوو کە لە ڕێگای سعوودیە و وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارسەوە ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت زیاد بکرێت بە شێوازێک کە بازاڕ پێویستی بە نەوتی ڕووسیا و ئێران نەبێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە و زیانی گەلانی ئەو وڵاتانەی تێدایە.
ئەو چاودێرە سیاسییە سەبارەت بە دۆزی ڕەوای فەڵەستین و تاوانەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستیش، وتی: ئەمریکا هیچ کات پشتی ڕژێمی زایۆنیستیی بۆ وڵاتان و گەلانی ناوچەکە بەرنەداوە، ئەگەرچی ئەمریکا چارەسەری دوو دەوڵەتیی بۆ کێشەی فەڵەستین ڕاگەیاندووە بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە کۆبوونەوەی جەدە لە لایەن بەرپرسانی باڵای عێراق، ئەردەن، قەتەر و سعوودیەش دیسانەوە ئاماژەی پێدرا بەڵام هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ ئەمە نەبووە و نە ئەمریکا و نە وڵاتانی عەرەبی لەم هەموو ساڵەدا هەنگاوێکی کرداریی دڵخۆشکەرەیان نەبووە.
ئەنوەر ئەبوبەکر جاف لە درێژەدا وتی: دەرخستنی ڕاستی ڕووداوەکان و ڕوونکردنەوەیان بۆ گەلانی ناوچەکە بە گشتی و گەلانی عەرەبی بە تایبەت، تەنانەت بۆ ئەمریکییەکانیش لە پێناو گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بە پێویست دادەنرێت، ئەڵبەت ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیازپاکیی لەم کەیسەدا هەبێت، لە بەر ئەوەی کە هەتا ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێوان گەلانی ناوچەکە درووست بکات دوژمنایەتیکردن لە نێوانیاندا زیاتر دەبێت.
وتیشی کە ئەگەر وڵاتانی ناوچەکە لە ناو یەکتردا ڕاستگۆ بن بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ گەلانی خۆیان ئەو ڕاستگۆییەیان هەبێت نە پێویست بە ئەمریکا دەبێت نە بە ڕووسیا و تەنانەت چینیش، لە بەر ئەوەی کە مێژووی دیرینی ناوچەکە بە تایبەت بە هۆی ئێران، عێراق و میسر هیچ کات پەنایان بۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا نەبردووە و مێژوو ئەم ڕاستییانەی سەلماندووە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد