بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبوڵڵاهیان لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا لە تاران، وتی: لە کۆبوونەوەی لوتکەی ئاستانە هەوڵی ئەوە درا چارەسەری سیاسی قەیرانی سیاسی وەک تاکە هەنگاوی پێویست باس بکرێت و هیوادارین کە ئەم ئامۆژگارییانە کە لە زمانی سەرۆک کۆمارانی ئێران و ڕووسیاوە جەختی لە سەر کراوەتەوە، لە لایەن بەرپرسانی تورکیاوە گرنگی پێ بدرێت.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە لە کۆبوونەوەی لوتکەی سێقۆڵی ئاستانە جەخت لە سەر دەرکردن و نەهێشتنی گرووپە تیرۆریستییەکان لە سوریا کرایەوە.
ناوبراو وتی: پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و ڕێزگرتن لە دەسەڵاتی یاسایی ئەم وڵاتە بابەتێکی گرنگە بۆ ئێمە، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دووبارە بونیادنانەوەی سوریا لە سەر خواست و داواکاری خەڵکی ئەم وڵاتە بۆ ئێمە گرنگە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی فۆرات بووەتە کێشە، ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە کشتووکاڵ، نەوت و وزە کە بەداخەوە لەم ساڵانەدا بە هۆی داگیرکاری ئەمریکییەکانەوە بە تاڵان براوە، پێمان وایە کە دەبێت ئەمریکییەکان بە بێ هیچ مەرجێک خاکی سوریا بە جێ بێڵن لە بەر ئەوەی کە سوپا و هێزە چەکدارەکانی سوریا توانای پاراستنی ئاسایش و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتەیان هەیە.
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا ستایشی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد و وتی کە کەس ناتوانێت هەڕەشە لە سەربەخۆیی و سەروەری سوریا بکات، بۆ تورکیا و لایەنەکانی دیکەش سوودێکی نییە بێنە ناو سنورەکانی سوریاوە و ئەمەش دەبێتە هۆی شەڕی نێوان سوریا و تورکیا و کاریگەریی لە سەر دوو گەلی دۆست و برا دەبێت.
ناوبراو وتی: ئەزموونێکی باشی ڕابردوومان لە بواری گەشەی ئابوری لە نێوان تورکیا و سوریا هەیە بەڵام دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و ناردنی سەدان هەزار تیرۆریست بۆ سوریا بووە هۆی ڕاگرتنی پەیوەندییەکان و ئەمەش هەمان بابەتی خوازراوی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییە.
فەیسەڵ مێقداد وتی کە ئێمە بە توندی دژی بە تورکیکردنی ناوچەکانی سوریاین و بۆ بەرگری لە دەسەڵات و ئاسایشی وڵاتی خۆمان ئامادەین./.