بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕۆژی سێ شەممە 19 ی تەمموزی 2022 لە چاوپێکەوتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و شاندی یاوەری جەختیان لە سەر پێویستی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بە تایبەت لە بواری ئابوری و بازرگانی کردەوە و ڕژێمی زایۆنیستییان بە هۆکاری ناکۆکیی نێوان وڵاتانی ئیسلامی ناو برد و سەبارەت بە دۆسیەی سوریاش وتیان کە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا زۆر گرنگە و هەر هێرشێکی سەربازی لە باکوری سوریا بە دڵنیاییەوە لە زیانی تورکیا، سوریا و سەرجەم ناوچەکە و لە بەرژەوەندی تیرۆریستان دەبێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەو چاوپێکەوتنەدا ڕێژە و کوالیتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و هاوکارییە ئابورییەکانی ئێران و تورکیای زۆر کەمتر لە توانا و دەفرایەتییەکانی هەر دوو وڵات ناو برد و جەختیان کردەوە کە ئەم پرسە لە دانوستانی نێوان هەر دوو سەرۆک کۆمار چارەسەر بکرێت.
بەڕێزیان کەرامەت و سەربەرزیی وڵاتانی ئیسلامییان بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و ووشیاری لە بەرامبەر سیاسەتی دووبەرەکی نانەوە گەڕاندەوە و وتیان: یەکێک لە هۆکارەکانی ئاژاوەگێڕی و ناکۆکی و دوژمنایەتی لە ناوچەکە، ڕژێمی زایۆنیستییە کە ئەمریکاش پاڵپشتیی لێدەکات.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختیان لەوە کردەوە کە نابێت پشت بە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی ببەسترێت و وتیان: ئەمڕۆ نە ئەمریکا، نە ڕژێمی زایۆنیستی و نە لایەنەکانی دیکەش ناتوانن ڕێگری لە خەباتی بەربڵاوی فەڵەستینییەکان بکەن و کۆتایی ئەمەش لە بەرژەوەندی گەلی فەڵەستین دەبێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە درێژەدا پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریایان بە گرنگ ناو برد و بە ئاماژە بە دەنگۆی ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر باکوری ئەم وڵاتە، جەختیان کردەوە کە ئەم کارە بە دڵنیاییەوە لە زیانی سوریا، تورکیا و ناوچەکە بە گشتی دەبێت و هەنگاوی سیاسیی چاوەڕوانکراو لە لایەن حکومەتی سوریاوە مسۆگەر ناکات.
بەڕێزیان بە ئاماژە بە لێدوانی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ نەفرەت لە گرووپە تیرۆریستییەکان وتیان: بە دڵنیاییەوە کە دەبێت ڕوبەڕوی گرووپە تیرۆریستییەکان ببنەوە بەڵام هێرشی سەربازی لە سوریا لە بەرژەوەندی تیرۆریستان دەبێت ئەڵبەت تیرۆریستانیش تەنیا یەک گرووپی تایبەت نین.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە وەڵامی داواکارییەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان وتیان: ئێمە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان بە دڵنیاییەوە هاوکاری ئێوە دەکەین.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختیان کردەوە کە ئێمە ئاسایشی تورکیا و سنورەکانی بە ئاسایشی خۆمان دەزانین و بەرانبەر بە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە وتیان: کێشەکانی سوریا دەبێت بە دانوستان چارەسەر بکرێت و ئێران، تورکیا، سوریا و ڕووسیا بە وتووێژ ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن.
بەڕێزیان بەرزبوونەوەی ئاستی هاوکارییەکانی نێوان ئێران و تورکیایان لە سەرجەم بوارەکاندا بە پێویست و بەسوود ناو برد و وتیان: ئێمە بەردەوام لە پرسە ناوخۆییەکان و لە بەرانبەر دەستێوەردانەکان پاڵپشتیمان لە حکومەتەکەی ئێوە کردووە و وەک چۆن کە ئاماژەتان داوە دۆستانی ڕۆژانی تەنگانەین و بۆ گەلی موسڵمانی تورکیاش نزا دەکەین.
لەو چاوپێکەوتنەدا کە بە ئامادەبوونی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان یەکڕیزی جیهانی ئیسلام و لێک نزیکبوونەوەی ئێران و تورکیایان بە پێویست زانی و وتیان: تورکیا هیچ کات لە بەرامبەر گوشارەکانی دژ بە ئێران بێدەنگ نەبووە و برایەتی نێوان هەر دوو وڵات دەبێت لە سەرجەم بوارەکاندا پەرە بستێنێت.
ئەردۆغان وتی کە تورکیا بەردەوام دژی سزا و گەمارۆ تاکلایانەکانی سەر ئێران بووە و لە داواکارییە ڕەواکانی ئەم وڵاتەش لە ڕێکەوتنی ناوەکی بەرگری دەکەین و هانی کۆمپانیاکانی خۆمانیش دەدەین لە ئێران سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان بکەین.
سەرۆک کۆماری تورکیا وتی کە لە سوریا گرووپە تیرۆریستییەکان لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکاوە پاڵپشتی سەربازی دەکرێن.
ناوبراو وتی کە هەڵوێستی تورکیا سەبارەت بە یەکپارچەیی خاکی سوریا ڕوونە و چاوەڕوانی ئەوەش لە حکومەتی دیمەشق دەکەین کە ڕەوتە سیاسییەکان دەست پێبکات./.