بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە حەوتەمین کۆبوونەوەی لوتکەی ئاستانە لە تاران کە بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمارانی ڕووسیا و تورکیا بەڕێوەچوو، وتی: لەو بڕوایەدام کە ڕەوتی ئاستانە وەک چوارچێوەیەکی سەرکەوتوو بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانەی قەیرانی سوریا دەسکەوتی باشی مسۆگەر کردووە و پاراستن و پەرەپێدانی لە سەرەتادا ئەرکی ئێمەی وڵاتانی دۆستە.
ناوبراو جەختی لە سەر پێویستی پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا کردەوە و وتی: دیاریکردنی چارەنووسی ئەم وڵاتە دەبێت لە ڕێگای خەڵک و وتووێژی ناوخۆیی بە بێ دەستێوەردانی دەرەکی بێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: بە تێپەڕبوونی 11 ساڵ لە دەستپێکردنی قەیرانی سوریا، کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام پێی وایە کە تەنیا ڕێگاچارەی ئەم قەیرانە، سیاسییە و ڕێگاچارەی سەربازی تەنیا کێشەکان زیاتر دەکات.
ناوبراو وتی کە ئێمە وەک وڵاتانی پارێزەری ڕەوتی ئاستانە بەردەوام جەخت لە ڕێگاچارەی سیاسی بە تایبەت بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم دەکەینەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها ستایشی خەباتی دژە تیرۆری شەهیدان بە تایبەت شەهید سولێمانیی کرد./.