بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پەیوەندییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە بوارە جیاجیاکاندا پەرەی سەندووە، هۆکاری ئەمەش تەنیا گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی ئەم دوو وڵاتە نییە بەڵکوو کابینەکەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە چوارچێوەی گەڕانەوە بەرەو ڕۆژهەڵات، خوازیاری پتەوکردنی پەیوەندییەکانە لە گەڵ هێزەکانی ئاسیا وەک ڕووسیا، چین و هیندستان.
شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا بووەتە هۆکاری گۆڕانکاری سەرەکی لە ئاستی نێودەوڵەتی بە تایبەت لە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا. ڕووسیا لەم ماوەیەدا هەوڵی چالاککردنەوەی ئەو پرۆژانەی داوە کە ساڵانێکە لە نێوان هەر دوو وڵاتدا ڕاگیراوە، وەک هێڵی باکور – باشور کە ڕووسیا لە ڕێگای خاکی ئێرانەوە دەگەێنێتە ئۆقیانووسی هیند. ڕووسیا لەو کاتەوە کە سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای بە سەردا سەپاوە، خواستێکی دیکەی لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران هەیە.
لە پاش شەڕی ئۆکرانیا ڕووسیا بە چڕی هەوڵی جێبەجێکردنی پرۆژەی هێڵی باکور – باشور دەدات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر خواستێکی لەم شێوەیەی نەبووە.
ئەوەی کە ئێران گرنگییەکی زیاتر بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیا و چین دەدات بە واتای ئەوە نییە کە پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرچاو نەگرێت و ئەگەر ئەمریکا واز لە سزا و گەمارۆکان بێنێت، ئێران تەنیا پێداگری لە سەر پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیا بکات.
سەردانەکەی پوتین بۆ تاران سێ ڕەهەندی هەیە. یەکەم، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا. ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بە پێچەوانەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، دەیەوێت ئاستی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی وەک ڕووسیا و چین بەهێزتر بکات لە کاتێکدا کە ڕۆحانی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا دەدا.
دووەم، ڕەهەندی ناوچەیی. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ڕژێمی زایۆنیستی پەرەی سەندووە و قسە و باسی ئەوەش دەکرا کە بایدن لە سەردانەکەی بۆ ناوچەکە هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەکی ناوچەیی بە بەشداری تەل ئەبیب لە دژی ئێران دەدات.
ڕەهەندی سێهەم نێوەدەوڵەتییە. لە پلەی یەکەمیش بۆ ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا بە هۆی بنبەستی ئێستای دانوستانەکانی ناوەکی دەگەڕێتەوە و ڕووسیاش ئەندامێکی ئەو دانوستانەیە. لە پلەی دووەمیش بۆ کاریگەرییەکانی شەڕی ئۆکرانیا دەگەڕێتەوە. ڕووسیا و ڕۆژئاوا دەیانەوێت لەم دۆسیەدا بە هەموو هێزێکی سەربازی، سیاسی و دیپلۆماسی ڕوبەڕوی یەکتر ببنەوە. سەردانەکەی بایدن بۆ ناوچەکە و هەوڵەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوتی وڵاتانی عەرەبی بە هۆی کاریگەری سزاکانی سەر ڕووسیاوە ئەنجامی شەڕی ئۆکرانیا و ململانێی نێوان ڕۆژئاوا و مۆسکۆ بووە./.