بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنگرەی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لە گەڵ ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە تاران، وتی: ئاسۆی دیاریکراوی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە لە گەڵ دراوسێکان بە پڕبایەخ دەزانم، سەبارەت بە پەیوەندییە سیاسی، سەربازی، ئابوری، کەلتوری و بازرگانییەکان وتووێژمان کرد.
ئەردۆغان وتی: ئاسۆی 30 ملیار دۆلاری بۆ ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و تورکیا دیاری کراوە، هەرچەندە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بە هۆی کاریگەرییەکانی کرۆناوە بۆ 7 ملیار دۆلار دابەزیوە بەڵام لەو بڕوایەدان کە ئەم ڕێژەیە دەتوانێت بگاتە 30 ملیار دۆلار.
سەرۆک کۆماری تورکیا وتی: بە چەند هەنگاوێک لە بواری پیشەسازی بەرگریدا دەتوانین لەم ئامانجە نزیک ببینەوە و هەروەها بە چەند هەنگاوێکی دیکە لە بواری نەوت و گازی سرووشتی ئەم کارە خێراتر بکەین.
ناوبراو وتی: تورکیا لە ساڵانی ڕابردوو لە پیشەسازی بەرگریدا پێشکەوتنی هەبووە و من بۆ ئەم بابەتە گرنگییەکی زۆر دادەنێم.
سەرۆک کۆماری تورکیا وتی: گرووپە تیرۆریستییەکانی پەکەکە، پەژاک و پەیەدە بوونەتە کێشە بۆ هەر دوو وڵات، ئێمە ئەم گرووپانەمان بردووەتە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانی ڕیکخراوی ناتۆ، لە بەر ئەوەی کە ئەوان لە هەر وڵاتێکدا بن دەبنە هۆکاری تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ئەو وڵاتانە، دەبێت هاوبەشیمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم گرووپانە زیاتر بکەین./.