زەردەشت بابان لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە سەردانەکەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی: بە پێی ئەنجامی ڕاپرسییەکان تەنیا لە سەدا 23 ی خەڵکی ئەمریکا ڕەزامەندییان لە سەر بایدن و کارنامەی حکومەتەکەی هەیە، بە واتایەکی دیکە لە مێژووی ئەمریکادا تا ئێستا سەرۆکێک نەبووە بەم ڕادەیەیە ئاستی جەماوەریی لاواز بێت و خەڵک لێی ناڕازی بن، تەنانەت لە ناو دیمۆکراتەکانیشدا ئەوانەی تەمەنیان لە سەروی پەنجا ساڵەوەیە، لە سەدا 64 ی ئەوان ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە بایدن هەیە و نایانەوێت وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا بمێنێتەوە، ئەوانەشیان تەمەنیان لە سەروی بیست و پێنج ساڵەوەیە بە هەمان شێوە دژی مانەوەی بایدنن وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا.
ناوبراو وتی: لە ئەمریکادا ڕستەیەکی زانستی سیاسی هەیە کە دەڵێت ئەگەر کێشەی ناوخۆییت هەبوو، بڕۆ لە دەرەوە کێشەیەک بنێرەوە یان دەسکەوتێک بە دەست بێنە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکان، بایدن لەم سەردانەیەدا ئامانجەکەی بۆ مسۆگەر نەکرا، کاتێک لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەبوو بە بایدنی ڕاگەیاند کە ئێمە سیاسەتمان لە گەڵ تۆ جیاوازە، لە بەر ئەوەی کە تۆ لە گەڵ ئێران بە دوای دیپلۆماسیدا دەڕۆیت و ئێمەش بیر لە چارەسەری سەربازی دەکەینەوە، لە پرسی فەڵەستین ئێمە ڕێگا بە درووستکردنی وڵاتی سەربەخۆی ئەوان نادەین. ئەم لێدوانانە پێمان دەڵێت کە بایدن لە سەردانەکەی بۆ تەل ئەبیب شکستی هێنا.
شیکەرەوەی سیاسی بۆ حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا وتی: سەبارەت بە سعوودیەش بایدن ئامانجەکانی بە دەست نەهینا، ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوتی سعوودیە نەک تەنیا زیاد نەکرا بەڵکوو پەیوەندییەکانی نێوان ئەم وڵاتە و ڕووسیا و چین وەک خۆی دەمێنێتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە ئەگەری پێکهێنانی ناتۆی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وتی: بیرۆکەی درووستکردنی ئەو هاوپەیمانییە بۆ ساڵی 2016 و سەردەمی دوناڵد ترەمپ و سەردانەکەی بۆ سعوودیە دەگەڕێتەوە، بایدن ویستی ئەو هەوڵە زیندوو بکاتەوە بەڵام بە هیچ جۆرێک سەر ناگرێت.
وتووێژ: سەردەشت محەممەد