بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەمیرە موسەوی بە ئاماژە بە ئامانجە سیاسییەکانی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لوتکەی جەدە، وتی: ئامانجی ئەمریکا لە پێکەوەبەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق و سعوودیە و وڵاتانی عەرەبی، چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق نییە بەڵکوو ئامانجێکی سیاسی و شانۆگەرییەک لە پشتەوەی ئەم هەنگاوە دەبینرێت.
ناوبراو وتی: گەلی عێراق دەزانن کە ئەم هەنگاوە نە ئەنجامێکی دەبێت و نە ڕاستگۆییەکی تێدایە و لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی بە ئەمریکا و بایدنەوە نییە کە بیانەوێت لە نێوان عێراق و وڵاتانی دیکە تۆڕی گەیاندنی کارەبا درووست بکەن.
موسەوی وتی: سەرجەم دانیشتووانی عێراق لە هەر پێکهاتەیەک دەزانن کە ئەمریکییەکان چ مێژوویەکیان لە ڕێگری گەشەسەندنی کەرتی کارەبادا هەیە، دەزانین کە کۆمپانیای زیمێنسی ئەڵمانیا بەردەوام هەوڵی ئەوەی دەدا کە دۆخی کارەبای عێراق لە ڕێگای درووستکردنی وێستگەی نوێ و وەبەرهێنانی زیاترەوە باشتر بکات بەڵام ئەمریکییەکان ڤیتۆیان کردووە.
ئەم لێدوانەی سەمیرە موسەوی لە لێدوانی بەرپرسانی پێشووی عێراقیشدا بە تەواوی ڕوون کراوەتەوە.
ساڵی ڕابردوو، بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی ئەحمەد چەلەبی سەرۆکی کۆچکردووی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەوەی پیشاندا کە ئەمریکا لە هەمان سەرەتای پێکهێنانی یەکەم کابینەی هەڵبژێردراوی عێراقییەکان پاش ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام، یەکەم تۆمەتباری قەیرانی کارەبا لەم وڵاتەدا بووە.
چەلەبی ڕاوێژکاری پێشووتری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابوری لەو گرتە ڤیدیۆیەدا کە کاتی تۆمارکردنەکەی بۆ پێش ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە، ڕوونیکردووەتەوە کە هۆکاری سەرەکی بەردەوامبوونی قەیرانی کارەبای عێراق، ئەمریکایە و واشنتن بە هۆکاری سیاسی نایەوێت کێشەی کارەبای عێراق چارەسەر بکرێت.
چەلەبی وەبیری هێناوەتەوە کە لە ساڵی 2006 لە گەڵ نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە لە گەڵ جۆرج کەیسی فەرماندەی ئەمریکیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق کۆبووەتەوە و داوایان لێکردووە کە کێشەی کارەبا چارەسەر بکرێت بەڵام بە ڕاشکاوانە بە مالیکی ڕاگەیاندووە کێشەی کارەبا لە عێراقدا چارەسەر ناکرێت و پێداگری لە سەر ئەمەش نەکەن.
لە هەمان گرتە ڤیدیۆدا وائیل عەبدوللەتیف ئەندامی پێشووی پەرلەمان و وەزیری پێشووی عێراقی دەڵێت بە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراقمان ڕاگەیاند کۆمپانیای زیمێنسی ئەڵمانیا بەڵێنی ئەوەیداوە کە لە ماوەی دوو ساڵدا کێشەی کارەبای عێراق چارەسەر بکات بەڵام عەبادی ڕایگەیاند کە ناتوانێت لە بەر ناڕەزایەتی ئەمریکییەکان وەها ڕێکەوتنێک واژۆ بکات.
بەدەر لەمانەش، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە بەغدا لە تەمموزی 2020 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند کە ئەمریکا کێشە دەخاتە بەردەم چالاکییەکانی کۆمپانیای زیمێنس بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای عێراق.
لە سەردەمی سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی، کاتێک کە سەرەڕای دژایەتی ئەمریکییەکان لە ساڵی 2019 ڕێکەوتنێکی 14 ملیار دۆلاری لە گەڵ کۆمپانیای زیمێنس واژۆ کرا، دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئەمریکا لە دەستێوەردانێکی ئاشکرادا ڕایگەیاند کە دەبێت گرێبەستێکی هاوشێوەش لە گەڵ کۆمپانیای جەنڕاڵ ئەلکتریک واژۆ بکرێت.
سەمیرە موسەوی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق جەختیکردەوە کە پرسی کارەبای عێراق بە سیاسی کراوە و وەک ئامرازێکی سیاسی بەکار دێت و هیچ کات ئەنجامێکی ئەرێنیی بۆ خەڵکی عێراق نەبووە./.