بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەمیس ئەندونی نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسیی عەرەب لە نووسینێکدا کە لە پێگەی ” العربی الجدید ” بڵاو بووەتەوە، بە ئاماژە بە ئامانجەکانی سەردانەکەی ئەم دواییەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچەکە و هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاند کە ئەوەی کە ئەمریکا دەیەوێت بە واتای ئەوە نییە کە بە دڵنیاییەوە دەتوانێت بە دەستی بێنێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە هەوڵەکانی واشنتن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بە سەرکردایەتی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و هەروەها ڕاگەیاندنی ڕێکەوتنی قودس بە واژۆی بایدن و لاپید سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری ڕژێمی زایۆنیستی لە فەڵەستینی داگیرکراو، وتی: ئەم دوو خاڵە بە واتای کۆتایی هەنگاوەکان و سەرکەوتنی ئەمریکا نییە، بە تایبەت ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی پەلکێشکردنی ئەمریکا بەرەو شەڕێک دەدات کە واشنتن توانای بەشداریی تێدا نییە.
ئەو نووسەرەی جیهانی عەرەب، ڕێکەوتنەکەی قودسی لە نێوان ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بە ڕاگەێندراوێکی شەرمەزاری، مەترسیدار و ستەمکارانە ناو برد کە هەوڵی گۆڕینی شوێنی دۆست و دوژمن دەدات و دەیەوێت لە جێی ڕژێمی تاوانباری زایۆنیستی، ئێران وەک دوژمنی سەرەکی جیهانی عەرەب بناسێنێت و بەم شێوازەش ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی و ڕژێمی زایۆنیستی پێکەوە ببەستێتەوە.
ناوبراو سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکای بۆ ناوچەکە بۆ سەپاندنی ویست و داواکارییەکانی واشنتن بە سەر وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەدا ناو برد و وتی کە سەرجەم هەوڵەکانی بایدن لە کاتی گەیشتنی بە دەسەڵاتی ئەمریکا بۆ سەرگرتنی پرۆژەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ڕژێمی زایۆنیستی بووە.
بە پێی نووسینەکەی ئەندونی، ئەمریکا نایەوێت کە هیچ ڕێکەوتنێکی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دیکە لە زیانی ڕژێمی زایۆنیستیدا بێت و هەلومەرجی ئەم ڕژێمە تێک بدات، بە واتایەکی دیکە، سەردەمی وتە و لێدوانی درۆی ئەمریکییەکان سەبارەت بە سەربەخۆیی و سەروەری وڵاتانی عەرەبی کۆتایی هاتووە، هەرچەندە کە هێشتا ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی لە خەوی بێ ئاگایی و خۆفریودان ماونەتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند: بایدن فەڵەستینی داگیرکراوی بۆ دەستپێکی سەردانەکەی بۆ ناوچەکە دەستنیشان کرد تا بە حکومەتە عەرەبییەکان ئەو پەیامە بدات کە ناوەندی کۆنتڕۆڵی ئەوان لە تەل ئەبیبە و هیچ ڕێگایەکتان لە بەردەمدا نییە و ئەویش خۆبەدەستەوەدانە.
ئەو شرۆڤەکارەی جیهانی عەرەب ڕایگەیاند کە بایدن بۆ چەندین جار لەو کاتەوە بووەتە سەرۆک کۆمار، بە تایبەت لە سەردانەکەی ئەم دواییەی لە فەڵەستینی داگیرکراو خۆیی وەک زایۆنیستێک ناو برد و ئەم هەنگاوەش پەیامێکی ڕوونی بۆ وڵاتانی عەرەبی هەیە کە شوێنێک بۆ ئاسایشی نیشتمانیی جیهانی عەرەب و مافی فەڵەستینییەکان نییە و هەر کەس ڕەزامەندیی لە گەڵ ئەم هەلومەرجەدا نەبێت، دەبێتە دوژمنی ڕژێمی زایۆنیستی.
لەمیس ئەندونی ڕایگەیاند کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دەیانەوێت ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین لە ناو ببەن تا چیدی کەس باسی فەڵەستین بکات، بە تایبەت لە ناوەندە ئیسلامی و عەرەبییەکان و بەمەش پرسی فەڵەستین لەبیر بکرێت بەڵام بە پێچەوانەی خواستی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی، خۆڕاگری گەلی فەڵەستین بەردەوام دەبێت.
ئەندونی لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە بەرەنگاربوونەوەی پیلانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی چەکێکی خۆڕاگرە لە دەستی گەلانی ناوچەکە، ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی مافی ئەوەیان نییە کە دوژمن بە ئێمە بناسێنن، خۆڕاگری تیرۆریزم نییە، ئەمریکا دەیەوێت خۆڕاگری بە تاوان بناسێنێت لە کاتێکدا خۆڕاگری بووەتە ئایدۆلۆژیایەک و دەیپارێزین و شوێنگرەوەیەکی نییە./.